عیراقى و جیهانى

کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی لەبارەی ھاتنی شەپۆلێکی سارد و بەفر و باران بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21/4/2019، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە و وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) ناردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ڕۆژی دووشەممە 22/4/2019، بارستە ھەوایەکی سارد و باراناوی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات.

باس لەوەش کراوە، کە کاریگەریی ئەو بارستە ھەوایە ساردە وا دەکات ئاسمان ھەوری تەواو بێت و بارانبارین بەڕێژەی جیا جیا دەبارێت، بە تایبەت ە سنووری پارێزگای ھەولێر و دھۆک زیاتر دەبێت.

کەشناسیی ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، لە ئەنجامی ھاتنی ئەو بارستە ھەوایە ساردە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر ببارێت، کاریگەرییەکەشی لە ڕۆژی سێشەممە کەمتر دەبێتەوە، لە ڕۆژانی دواتریش کەشوھەوا ئاسایی دەبێتەوە.