هەواڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا: هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داھاتووی حکومەتێ ھەرێمدا خواست

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩-٤-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا، کە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرس لەهەردوولا ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە تاوتوێ کران.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داھاتووی حکومەتێ ھەرێمدا خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاریکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوولا لە گشت بوارەکاندا دەربڕی.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ویستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ھەمەچەشنەکان، لەگەل تورکیا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستییان بە پالپشتی و یارمەتیی دراوسێکان ھەیە ، بە تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی رەوشی ئەو دەڤەرانەی لە ئەنجامی شەری دژ بە تیرۆریستان زیانمەند بوونە.

پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و دۆسیەی ئاسایشی ناوچەیی و ھەرەشەکانی تیرۆر لە دەڤەرەکەدا تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.