عیراقى و جیهانى

پێش ئەوەی داعش هێرش بكاتە سەر عێراق و كوردستان بەرپرسێكی ئەمریكی لەگەل ئەبوبەكر بەغدادی لە سوریا كۆبۆتەوە

ئەم کۆدە بزانن
تێگەیشتنی کورد دەبێ بۆ بواری وزە فراوانتربێ، بەتایبەت لە غازی سرووشتی، چونکە ناوچەکە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەشبوونەوەی جیوگرافیا و دەسپێکی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین، پێوەندی زۆری بە بواری وزە هەیە..کاتێ کە لە ساڵی ٢٠١١ ئێران و عێراق و سووریا رێککەوتنێکی گەورەیان واژۆ کرد بە مەبەستی دروستکردنی بۆڕی غازی سرووشتیی ئێران بۆ تێپەڕاندنی غازی سرووشتی بۆ ئەورووپا، کە بەناو خاکی عێراق بۆرییەکە تێپەڕێ و بە سووریادا بڕوات و لەوێ بۆ سەردەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا، سەرەتایی لوعبەی رووسەکان و کۆمارییەکان دەستی پێکرد، پسپۆڕانی بواری وزە ئەم رێککەوتنەیان بۆ کەوتنی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین بە گەورەترین رێککەوتنێک هەژمار کرد، چونکە رێک ئەگەر ئەو پرۆگرامەی ئێران سەری گرتبا ئەوا ئیمپراتۆری ئێران لەڕووی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوین رادەگەینرا و ئیدی دەرگای ئەورووپا بە تەواوەتی بۆسەر ئێران دەکەوتە سەرپشت و ئێران لەرێگەی هێڵی غازی سرووشتی خۆی دەبووە گەورەترین بەدیلی رووسیا بۆ ئەورووپا..
ئەو کات کە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بە کشانەوەی هێزەکانی بۆشاییەکی گەورەی لە عێراق جێهێشت، بەریتانیا بەزوویی هەوڵی سەرخستنی ئەو نەخشەیەی ئێرانی دا و شەش کۆمپانیای گەورە خۆیان بۆ تەندری پڕۆژەکە ئامادە کرد، بەریتانیا لە سێبەردا ئامادەیی تەواوی دەکرد، چونکە هەم دەرفەتی دیموکراتەکان لە ئەمەریکا بۆ ئێران و بەریتانیا لەباربوو، هەمیش بەریتانیا لە سێبەردا حوکمی عێراق و سووریای دەکرد لەگەڵ ئەوەی کە باڵێکی ئێرانیش لەژێر هەیمەنەتی خۆی دابوو، بەڵام لۆبی ئەمەریکا کە دژی ئۆباما لە عێراق لە جوڵەدابوون کەوتنە رێگری کردن لەو پڕۆژەیە..بەریتانیا و ئێران بە شێوەیەکی دیکە کاریان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کرد، هاتنی داعشیان بەدەرفەت زانی، بەڵام کۆمارییەکان لەرێگەی کەناڵی هەواڵگری تایبەت توانیان ئەو مەلەفە بسپێرن بە جۆن مەککین کە ئەو کات لە ژیاندابوو، مەککین ئەزموونی سەربازی زۆری هەبوو، وەک گەورە کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکایی لە کاتی دروستبوونی داعش لە سووریا لە ٢٠١٣ رێک دوای یەک مانگ سەردانی سووریای کرد و بە نهێنی لەگەڵ سەرکردەکانی داعش کۆبوویەوە و لەوێوە توانی ئەبوبەکر بەغدادی ببێنێ و توانی دەرفەتێک دروستبکات کە چۆن ئەمەریکا بتوانێ لەو ناوچەیە بێتە ژوورەوە و ئیدی باوەڕیشی بە ئۆباما هێنا کە دەبێ داعش رێگری لێبکرێ لەوەی کە بتوانێ هیلالی وزەی شیعی تەکمیلە نەکات..دوای داعش رێی بۆخۆشکرا گەیشتە مووسڵ و دواتر داعش قەبارەی بچوککرایەوە لە عێراق، ئێران لە دوای رووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرەو ئەو ئامانجە جارێکی دیکە کەوتە جوڵە و توانی هەم لە کەرکووک و شنگال، هەمیش لەرێگەی قائیم خۆی بگەیەنێتە سنووری سووریا، ئەگەرچی پێشووتریش ئێران بەرێگەی خاکی عێراقەوە میلیشیاکای گەیاندبوویە سووریا.
کۆمارییەکان بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو نەخشەیە رێک رێککەوتنێکی نهێنیان لەگەڵ رووسەکان کرد، ئەوەبوو کە ئەم پڕۆژەیان بەتەواوی پەکخست، چونکە رووسەکان نایانەوێ کە ئێران راستەوخۆ کەناڵی غازی سرووشتی ناوچەکە بێ، ئەمەریکایش لەرێگەی لۆبی ئیسرائیل کە خاڵی هاوبەشی نێوان رووسەکان و ئەمەریکایە نەیاندەویست ئەمە رووبدات، بۆیە رێک نەخشەکە پێچەوانە کرایەوە، گەمارۆ خستنە سەر کەرتی وزەی ئێرانیش لە ئێستادا کە ستراتیژیەتی ترامپە رێک رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی کە نەخشەی وزەی رۆژهەڵاتی ناوین بە تەواوی بگۆڕێ، لەم گۆڕانکارییەشدا رووسەکان و ئەمەریکا سوودمەندی یەکەم دەبن..کە لە داهاتوو باسی دەکەین نەخشە نوێیەکان چین، ئەوەی پێوەندی بە کورد هەیە دەبێ لەڕووی نەخشەی غازی سرووشتییەوە پەلەی زیاتر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو دەرچەیە بدۆزێتەوە و خۆی بخاتە سەر نەخشەی نوێی وزە لە رۆژهەڵاتی ناویندا، چونکە ناوچەکە سەرەتا بە گۆڕێنی هێلە ئابوورییەکان دەستپێدەکات و دواتریش داڕشتنەوەی سنووری بەدوا دێ.

تەنیا کوردی