هەواڵى ناوخۆ

حكوومەتی داهاتوی كوردستان دژه‌ گەندەڵی دەبێت

مامۆستایان و شارەزایان باس لەوە دەكەن دوای لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەركی حكوومەتی داهاتووی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی دروستكردنی كوردستانێكی بەهێز و ئابوورییەكی تۆكمەیە.

دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ رایگەیاند، لابردنی پاشەكەوت و ئاساییكردنەوەی باری ئابووری هەرێم هەنگاوێكی باشە بە ئاراستەی بەهێزكردنی كوردستان، بێگومان كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی گەورەتری لەسەرشانە بۆ بەهێزكردنی پێگەوسەنگی كوردستان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێم و چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتیش.

روونی كردەوە كە لابردنی پاشەكەوت و باشتربوونی گوزەرانی خەڵك دەبێتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ ئەم كوردستانە بەهێزە، چونكە تا ئاستێكی زۆر متمانە لای هاووڵاتییان بەهێز دەكات.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە چاوەڕێ‌ دەكرێ‌ لەلایەن حكوومەتی داهاتووی كوردستانەوە هەنگاوی كردەیی بۆ بەهێزكردنی چاودێری و ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بنێرێ‌، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكان بەكوالێتی باشتر و لەماوەی كەمتردا پێشكەشی هاووڵاتییان بكرێت.