هەواڵى ناوخۆ

به‌په‌له‌: له‌ ئه‌گه‌ری زیاتر باڵاده‌ستی پافڵ تاڵه‌بانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌یه‌كێتی جیاده‌بێته‌وه‌

هێشتا مه‌ترسیی جیابوونه‌وه‌ و لێكترازان له‌ نێوان چه‌ندان حزبى سیاسیى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، جیابوونه‌وه‌ى به‌شێك له‌ كادرانى حزبه‌ سیاسییه‌كان، ئاماژه‌ن بۆ بوونى مه‌ترسى لێكترازان له‌ نێوان حزبه‌كان و ئه‌وه‌ مۆدێلێكى نوێ نییه‌ له‌ناویاندا، له‌گه‌ڵ دروستبوونى به‌شێكى زۆر له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان بابه‌تى جیابوونه‌وه‌ و ئینشیقاق بوونى هه‌بووه‌.

له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردوو جیابوونه‌وه‌ى زۆر له‌ناو حزبه‌كاندا ڕووى داوه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ به‌قه‌د جیابوونه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌كێتى له‌ ساڵى 2009 كاریگه‌رى دروست نه‌كرد. به‌ڵام ئه‌مساڵیش به‌شێك له‌ حزبه‌كان مه‌ترسییان هه‌یه‌.

یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ ماوه‌ى ڕابردوو ڕووبه‌ڕووى چه‌ندان جیابوونه‌وه‌ و فره‌باڵى بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌یش مه‌ترسیی جیابوونه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و حزبه‌دا ده‌كرێ. به‌پێى زانیارییه‌كان،پێكدادانى باڵى كۆسره‌ت ره‌سووڵ و بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى به‌رده‌وام ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانى یه‌كێتى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رگیز حزبه‌كه‌یان وه‌ك ئێسته‌ یه‌كگرتوو نه‌بووه‌، به‌ڵام پێ ده‌چێ به‌ باڵاده‌ستیى زیاترى بافڵ تاڵه‌بانى له‌ناو ئه‌و حزبه‌، بژاره‌ى تر له‌ به‌رده‌م كۆسره‌ت ره‌سووڵ بێ، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ى جیابوونه‌وه‌ى كردووه‌ و دواتر له‌ڕێى ئیمتیازه‌وه‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.

ئێسته‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ سه‌رقاڵى دیاركردنى كاندیده‌كانیه‌تى بۆ پۆسته‌كانى له‌ حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان، جارێكى تر هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی له‌ناو یه‌كێتیدا بوونى هه‌یه‌ و هه‌ر باڵێك له‌ باڵه‌كانى ناڕازى بێت، ئه‌گه‌رى جیابوونه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌و حزبه‌دا.