هەواڵى ناوخۆ

یه‌كێتیه‌كانی هه‌ولێر له‌ كابینه‌ی نوێ په‌راوێز ده‌خرێن

یه‌كێتیه‌كانی هه‌ولێر له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م به‌شدارییان پێده‌كرێت و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ بایه‌خ به‌ سلێمانییه‌كان ده‌دات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌دوایین هه‌وڵیدا كوڕه‌كه‌ی له‌ پۆسته‌ حزبیه‌كه‌ی دوورده‌خاته‌وه‌و پۆستی حكومی بۆ ته‌رتیب ده‌كات.

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ پاوانخوازی سلێمانییه‌كان له‌ پشكی یه‌كێتی له‌ناو حكومه‌تدا، بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی ”غەدر“کردن لە یەکێتییەکانی هەولێر، هۆشداری بە جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا و ڕای گەیاند کە ئەگەر ئەو کارە بکات، ”خۆی زەرەر دەکات“.

حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاسگەیاند: داوامان لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەمان کردووە کە ھەولێر بۆ یەکێتی گرنگە و سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە، ھەروەھا زۆبەی وڵاتانی دونیا لە ھەولێر نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەیان ھەیە، بۆیە لەکاتی پڕکردنەوەی پۆستەکاندا، دەبێ یەکێتییەکانی ناو ھەولێر پێگەیەکی بەھێزیان ھەبێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر هەولێرییەکی ناو یەکێتی بۆ پۆستێکی دیاریکراو کاندید بکرێت، ”بێگومان بۆ هەولێرییەکانی ناو یەکێتی باشترە و خزمەتی زیاتر دەکات و حەز دەکەین ئەو پۆستانە بەر هەولێرییەکانی ناو یەکێتی بکەوێت کە ڕۆژانە تێکەڵی خەڵکی دەبن، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵکی شارەکەی پێ بکەین“.