هەواڵى ناوخۆ

يةكگرتوو: به‌رهه‌م ساڵح له‌ ئاست به‌عه‌ره‌بكردنی كه‌ركوك بێده‌نگه‌

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەرهەم ساڵح بەپێی یاسا، دەسەڵاتی ڕاگرتنی پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووکی هەیە و پرسیاری کرد کە ئاخۆ بۆچی ئەم کارە ناکرێت؟ بە پێویستیشی زانی کە فشار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت.

لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کوردستان، هێزێکی سوپای عێراق و سەدان کەسی عەرەب، پەلاماری گوندی پەلکانەی سنووری شارەدێی سەرگەڕانیان لە شارۆچکەی دوبزی پارێزگای کەرکووک دا و بەهۆیەوە شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبی شارەکە درووست بوو. پێشتریش لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتێکی چڕی بە عەرەبکردن کە ڕاکان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک سەرکردایەتی دەکات، بەڕێوە چووە.

د. موسەننا ئەمین، ڕایگەیاند: ”ئەوەی دەبینرێت بەرھەمی سیاسەتی ناکۆکیی ناوخۆمانە کە ناتوانن لەسەر پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک ڕێک بکەون، راکان جبووری بەبۆنەی ناکۆکیی ھێزە سیاسییەکانەوە بووەتە پارێزگار و کول فی کول خۆیەتی و بڕیاردەرە و ھەمووی خۆی جێبەجێی دەکات، خۆی شت دەخولقێنێت، ئێمەش ھەر فریا دەکەوین پینە و پەڕۆی بکەین".

موسەننا ئەمین ئاشکرای کرد کە خەڵکی سەرگەڕان دەتوانن داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن، چونکە ”سەرۆک کۆمار لە خۆیانە“.