هەواڵى ناوخۆ

جێگری یه‌كه‌می پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ڵێنێك به‌ ئێزدی و كریستیانه‌كان ده‌دات

 

جێگری یه‌كه‌می پارێزگاری نه‌ینه‌وا، سیروان رۆژبه‌یانی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كردووه‌، كه‌ پیرۆزباییان ئاراسته‌ كردووه‌ و راشیگه‌یاند، کارده‌که‌ین بۆ پێشخستنی پارێزگای مووسڵ له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌، به‌تایبه‌تی په‌له‌کردن له‌ دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه، وه‌ک یه‌ک تیم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پارێزگار و هاوکارانی دیکه‌مان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و ده‌زگا ئه‌منی و ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌کان، بۆ سه‌روه‌ری یاسا و دووباره ئاسایکردنه‌وه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا کارده‌که‌ین. به‌ڵێن به‌ هاووڵاتیان و لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌ده‌ین، بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی پارێزگا و قه‌زا و گونده‌کانی سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئیداریمان، که‌مته‌رخه‌می نه‌نوێنین، که‌ له‌کاتی داگیرکردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ و دواتریش ئازادکردنه‌وه‌ی، زیانی زۆری گیانی و ماڵی به‌ر خه‌ڵک و شاره‌که‌ که‌وتووه.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: له‌روانگه‌ی هه‌ستکردن به‌ ئه‌رکی سه‌رشانمان، پارێزگاری له‌ به‌ها جوانه‌کانی پێکه‌وه‌ژیانی شاره‌که‌، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانی (عه‌ره‌ب، کورد، تورکمان، مه‌سیحی، ئێزدی، شه‌به‌ک، کاکه‌یی و سابیئه‌ی مه‌ندایی) ده‌که‌ین، چونکه یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی داعش، تێکدانی په‌یوه‌ندی و پێکه‌وه‌ژیانی پێکهاته‌کانی موسڵ بوو. دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستمان، که‌ به‌ پشتیوانی هه‌موولایه‌ک، کارده‌که‌ین بۆ پێشخستنی پارێزگای موسڵ له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌، به‌تایبه‌تی په‌له‌کردن له‌ دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی (ئاو، کاره‌با، ته‌ندروستی و رێگاوبان) و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جیاوازی له‌نێوان هیچ پێکهاته‌ و ناوچه‌یه‌کدا ناکه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ ئێزدییه‌كانیش، سیروان رۆژبه‌یانی رایگه‌یاندووه‌، هه‌وڵه‌کانمان بۆ دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خوشک و برا ئێزدییه‌کان، بۆ ناوچه‌کانیان ده‌ستپێده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی چاره‌سه‌ر کردنی خه‌م و زیانه‌کانیان ده‌ده‌ین. هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ک پێشتر، خوشک و برا مه‌سیحییه‌کان پارێزراوبن، که‌ پێکهاته‌یه‌کی گرنگی شاره‌که‌ن، له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی دیکه‌ش، که‌ سه‌رجه‌میان تابلۆیه‌کی جوانی پێکه‌وه‌ژیانن له‌ ناوچه‌که‌دا.