بابەتەکان

ڕووسیا پشتی له‌ ئێران كرد

ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا دووپاتیكرده‌وه‌، پێویست بوو ئێران له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بمێنێته‌وه‌، دۆخه‌كه‌ هه‌رچیه‌ك بوایه‌ نه‌ده‌بوو له‌و رێككه‌وتنه‌ بكشێته‌وه‌، چونكه‌ دواجار له‌ داهاتوودا هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ره‌تا واشنتن له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو تۆمه‌ته‌كان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی تاران.

ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆكی رووسیا له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌لێكسانده‌ر ڤان دێر بیلن، هاوتا نه‌مساوییه‌كه‌ی هاتوون و گوتی: "له‌كاتی دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئێرانییه‌كانمان چه‌ندین جار گوتوومه‌، به‌ڕای من دۆخه‌كه‌ هه‌ر چییه‌ك بێت پێویسته‌ ئێران له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌".

پوتین هه‌ڵوێستی خۆی له‌مباره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند و گوتی: "ئێستا من شتێكی نادیپلۆماسی ده‌ڵێم، كه‌ بۆ سومعه‌ی براده‌ره‌ ئه‌وروپییه‌كانمان شتێكی باش نییه‌: ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ و رێككه‌وتنه‌كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، له‌كاتێكدا وڵاتانی ئه‌وروپا ناتوانن هیچ شتێك بۆ رزگاركردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن و هه‌مدیسان له‌توانایاندا نییه‌ كارێكی جددی له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ر كه‌رتی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتوون".

پوتین ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران جێبه‌جێكردنی ته‌نیا یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا رابگه‌یه‌نێت، رۆژی دواتر هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن، كه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا بوو ده‌ستپێشخه‌ری له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كردووه‌ و هه‌موو لایه‌ك رووی زمانی لۆمه‌كردن له‌ ئێران ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی جیهان به‌و ئاراسته‌یه‌ هان بده‌ن كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت".

پوتین نیگه‌رانی خۆی له‌و حاڵه‌ته‌ش راگه‌یاند، كه‌ به‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێراندا هاتووه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، "رووسیا ناتوانێت به‌ به‌رده‌وامی رۆڵی تیمی فریاگوزاری له‌جیهان ببینێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانای هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بچێت"، كه‌ پێده‌چێت ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌ ناتوانێت له‌ گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران هیچ شتێك بۆ تاران بكات.

پوتین گوتی: "جارێ سه‌یر ده‌كه‌ین بزانین چی رووده‌دات، رووسیا تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ نییه‌ و ئێمه‌ ناتوانین هه‌موو شتێك رزگار بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌واوی پشت به‌ خواسته‌كانمان نابه‌ستن".

سه‌رۆكی رووسیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئاماده‌یی مۆسكۆی كرده‌وه‌‌، "كه‌ ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت كه‌ پێشتر هه‌یبووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا ناوه‌ستێته‌ سه‌ر رووسیا، به‌ڵكو پشت به‌ سه‌رجه‌م هاوبه‌شه‌كان و یاریزانه‌كانی ئه‌و دۆسییه‌ ده‌به‌ستێت، له‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئێران".

سه‌رچاوه‌: روسیا الیوم