وتار

یەکێتی دەرگایەکی گەورەی بۆ پارتی کردەوە

یەکێتی دەرگایەکی گەورەی بۆ پارتی کردەوە
یەکێتی بایکۆتی دەنگدانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بەشداری یەکێتیی یان بەشدارنەبوونی هیچی لە باسەکە نەگۆڕی، بەڵام ئەم کارەی یەکێتی کردی پارتی خستە مەوقیفێکی بەهێزتر و ئازادتر لەدەرەوەی رێککەوتنی هاوبەشی نێوانیان، چونکە یەکێتی سەروەری رێککەوتنەکەی شکاند و خۆی خستە دەرەوەی بازنەکە…
یەکێتی بۆ وای کرد؟
…………………..
یەکەم: لاوازکردنی پێگەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە ئەوان دەنگیان بە کاندیدی پارتی دا و وەک خاڵێکی لاواز لەدژی گۆڕان بیکەنە بانگەشە.
دووەم: جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی کە خەتێکی لە تارانە و خەتەکەی تر لە بەغدایە، بۆیە ئەو خەتە دەیەوێ هەرێمی کوردستان سوودمەندی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو نەبێ و سەرئێشەی سیاسی لەنێودا هەبێ تا دەستکراوە نەبێ.
سێیەم: تۆڵەکردنەوە لە پارتی لە بەرامبەر دەنگنەدانی پارتی بە بەرهەم ساڵح و دیاری نەکردنی کەسێکی دیاری نێو گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پارێزگاری کەرکووک.
چوارەم: بۆ چوونە پاڵ هەر هێزێکی عێراقی لە هەرمەوقیفێکی داهاتوو کە ئێستا بە چەند پەرلەمانتارێک لە بەغدا دەستیان پێکردووە و دژی هەرێم لێدوان دەدەن، ئیدی یەکێتی سنووردار نەبێ بە هیچ رێککەوتنێکی دیاری کراو.
پێنجەم: تەسفیەی باڵی دەرەوەی گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەنێو یەکێتی و شەرمەزارکردنیان لە هەر رێککەوتنێکی سیاسی.
……………………………………………………

ئەگەر چی کەرکووک و سەرۆککۆمار دوو بیانووی لاوازی یەکێتین، بەڵام ئامانجە گەورەکە پێوەندی بە خەتی تاران و بەغدایە کە دەمێکە ئەم دوو خەتە وەرەمێکی گەورەی لەنێو هەناوی یەکێتی چاندووە و زاکیرەی سیاسی یەکێتی داگیرکردووە، بۆیەشە ئەمڕۆ یەکێتی رێککەوتنەکەی شکاند، چونکە یەکێتی لەدەرەوەی ئەو دوو خەتە بەهیچ شێوەیەک ئازاد نییە.

لەسەردەمی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆککۆمار لە بابەتێکدا باسمان کرد کە پارتی لە بۆسەیەکی سیاسی گەورە رزگاری بوو کە پۆستی سەرۆککۆماری وەرنەگرت، دواتر کە فوئاد حوسێن بوو بە وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەروونی دیاربوو کە مەوقع و جوڵەی فوئاد حوسێن بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگتر و هەستیارتر و باشتربوو لە سەرۆککۆمار، کە تا ئێستا بەرهەم ساڵح هیچ جوڵەیەکی سیاسی لە بەرژەوەندی هەرێم نەکردووە، بۆیەشە ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە پەرلەمانی کوردستان دەرگایەکی گەورەتری لە بەردەم پارتی کردەوە کە:
یەکەم: ئەو تەوقە شکا کە سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر سەرۆککۆمار رێککەوتنی بۆ بکرێ.
دووەم: پارتی ئازادانەتر لە مەلەفی کەرکووک و هەروەها بابەتی پێوەندار بە بەغدا دەتوانێ بجوڵێ.
سێیەم: ئەو هاوتەریبییە لەگەڵ یەکێتی ئیدی پارتی دەتوانێ لێی بێتە دەرەوە و ئەو هێڵە بشکێنێ.
چوارەم: دەستی پارتی کراوەتر دەبێ لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و حساباتی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا.
……………………………………..

ئەگەرچی پارتی هیچ مەوقیفێکی فەرمیی لەبارەی بەشدارینەکردنی یەکێتی لە کابینەی داهاتوو رانەگەیاندووەو تەنیا گوتوویەتی کە یەکێتی رێککەوتنی پێشێلکرد، بەڵام ئەگەر دۆخەکە لەباربێ ئەوا پارتی ئازادەنەتر لە دەرەوەی رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی دەتوانێ بجوڵێ، چونکە یەکێتی سەلماندییەوە کە پابەندی هیچ رێککەوتنێک نییە و متمانەی پێناکرێ، بۆیە ئەگەر پارتی جورئەت بکات ئەوا دەرگایەکی گەورەی بەسەر کراوەتەوە کە کاتییەتی ئەو هاوتەریبییە لەگەڵ یەکێتی بشکێنێ و ئیدی بجوڵێ.
تەنیا کوردی