وتار

پێدەچێ (هەڤاڵ)ـەكە قسەی دڵی ئەوانی كرد بێ!

زكری مووسا
لە ڕاستیدا ڕاگەیێندراوەكەی ئێوارەی ڕۆژی ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠١٩ـی بارەگای بارزانی وەڵامی قسەكانی مەحموود سەنگاوی نەبوو. قسەكانی سەنگاوی جنێو و حقد و دڵڕەشی بوو، قسەی لەم ئاستەیش وەڵامی نییە. ئەگەر بڕیار بێت هەموومان بچینە ئاستی ئەم كەسە، خۆ هیچ مانایەك بۆ ڕەوشت و سیاسەتكردن نامێنێ.
ڕاگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی وەڵامی بەیاننامە شەرمننانەكەی هەمان ڕۆژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی بوو كە لە پشتگیریكردنی هەڤاڵەكەیان بترازێ هیچ مانایەكی تری هەڵنەگرتبوو. ڕاستە ئەوان قسەكانیان نەكردبوو، بەڵام پێدەچێ هەڤاڵەكەیان قسەی دڵی ئەوانی كردبێ. ڕاستە كەسەكە ناوی مەحموودە بەڵام لە دنیابینی و حقد و جۆری سیاسەتكردندا هەڤاڵ و هاودڵی یەكترن، ئەمە لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی زۆر ڕوون و ئاشكرا بوو.

هەموو كەس دەزانێ، بەیاننامە شەرمنەكە حەقیقەتی ئەو سنووربەزاندنە ناشارێتەوە، چونكە هەڤاڵەكە جگە لە نواندنی نزمی و جنێو، پەردەی لەسەر زۆرێك لە مشتومڕ و نیازخەراپی لاداوە كە پێدەچێ كرۆكی كاری سیاسیی و ئامانجی تێكدەرانەی تاقمێك بێت كە لە دۆخی شەرعییەت و سەقامگیری و مەدەنییەتدا دەتوێنەوە و نامێنن.

ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی ویستی ئەوە بە گوتەبێژەكەی یەكێتی بڵێت، بێ دەنگیتان باشتر بوو لە بەیاننامەیەكی بێ ناوەڕۆك. كەس داوای لە ئێوە نەكردووە جنێو بە هەڤاڵەكەتان بدەن بەڵام دەكرا بوێرانە ڕاتانگەیاندبا لەگەڵ بێ ئەدەبیدا نین. تەئییدی نەفەسی شەڕی ناوخۆ و تەقسیمی كوردستان و تاڵانی سامان و نەوتی خەڵك ناكەن. ئەم كوردستانە بە خوێن و قوربانیدانی هەزارن شەهید پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەدا نین كەسێك بیەوێت بمانگەڕێنێتەوە بۆ تێكدانی ڕەوشی كوردستان و زەوتكردنی ژیانی خەڵك.

ڕەنگە هێشتایش درەنگ نەبێت، ئەوان دەتوانن بە قسە و بە كردەوە بسەلمێنن كە جنێو و نەفەسی براكوژی و تێكدانی هەرێم، نەهج و خەیاڵ و دڵیانی نەتەنیوە و لەگەڵ دڵڕەشی و بێسەروبەریی هەڤاڵەكەیاندا نین. بەڵام كە ئەوەیان پێنەكرا و نەیانویست پێ لە دڵی خۆیان بنێن، بە دڵنیاییەوە باجەكەیشی دەدەن. یاریكردن بە چارەنووسی خەڵك و، تێكهەڵكردنی حقد و سیاسەت بە جۆرێك كە ببێتە هەڕەشە بۆ كیانی هەرێمی كوردستان، بابەتێك نییە وا بە ئاسانی بەسەر هەر كەسێكدا تێپەڕێت. ئێستا سەردەم سەردەمێكی ترە و خەڵكی كوردستان لە هەموو كاتێك هۆشیارترە و، ماندووە لە نەهجی كەڵەگایی و تاڵان و بێ ویژدانی.