هەواڵى ناوخۆ

لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ڕوونكردنەوە دەدات

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ڕوونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، كۆدەنگییەك هەیە لە نێوان ئەو حزبانەی بەشداری لە حكوومەت دەكەن. 

خەدیجە عومەر ئەندامی لیژنە یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لە نێوان سەرۆك فڕاكسیۆنەكان گفتوگۆ كراوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بۆ هەموو وەزیرەكان بە بێ‌ جیاوازی دەنگ بدرێت، دەنگدانەكە بەمەبەستی متمانەدانە بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت، بۆیە هیچ كێشەیەك نابێت و ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان سەرۆك فڕاكسیۆنەكان كراوە هیوادارین وەك خۆی بێت. 

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان مەسروور بارزانی كابینەی حكوومەتەكەی و بەرنامەی حكوومەت ئاشكرا بكات و لەلایەن پەرلەمانتارانی كوردستان متمانەی پێ‌ دەدرێت. 

بڕیارە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و ستافی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی بگەنە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان، دوای دەنگدان لەسەر تەواوی پێكهاتەی حكوومەت، ناوی یەك بە یەكی وەزیرەكان دەخوێنرێتەوە.

رۆژی 8/7/2019 مەسرور بارزانی، راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی پێکهاتەی کابینە پێشنیارکراوەکەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد. پاشان پەرلەمان سیڤییەكانی بۆ وردبینی دایە دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان. دوێنێ 9/7/2019، دەستەی دەستپاكی ئاكامی وردبینی سیڤی كاندیدەكانی رەوانەی پەرلەمان كردەوە.