عیراقى و جیهانى

وەزیرێكی ئیسرائیل: لە دوو ساڵی داهاتوو شەڕی ئیسرائیل و ئێران روودەدات, دەبێت دونیا چیتر نەپرسێت شەڕ روودەدات یان نا با بپرسن كەی روودەدات

لەگەڵ ئالۆز بوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی وەزیرێكی ئیسرائیلی رایگەیاند: پێشبینی دەكرێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا پێكدادانی راستەوخۆی بەرفراوان لە نێوان وڵاتەكەی و ئێران رووبدات.

تساحی هانگبی، وەزیری هاریكاری هەرێمایەتی ئیسرائیل لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی(یسرائیل هیوم) رایگەیاندووە:” لە ئێستادا لە هەر كاتێكیدیە ئەگەری رووبەروو بونەوەی سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە, شەڕەكە دەمێكە دەستی پێكردووە بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی گورز وەشاندن”.

وەزیری هاریكاری هەرێمایەتی ئیسرائیل راشیگەیاندووە: پێشبینی دەكات لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەو شەڕە بێتە ئاراوە و “لە ئێستادا بابەتەكە ئەوە نییە كە ئایا روودەدات، بەڵكوو ئەوەیە، كە كەی روودەدات, چونكە لە ئێستاشدا شەڕی نێوان تەلەئبیب و تاران لە شەڕی بە وەكالەتەوە گۆڕدراوە بۆ شەڕی راستەوخۆ.