وتار

بۆچی لە هەولێر هێرشكرایە سەر كارمەندەكەی كونسوڵخانەی توركیا، ئامانجی هێرشەكە چی بوو، پەكەكە لە كوێی رووداوەكەدایە؟

ئاکۆ محەممەد

هێرشەكەی هەولێر، هەرێمی كوردستانی برینداركرد و ئەنقەرەی بەهێزكرد. بەهەمانشێوەی كاتی كوشتنی باڵیۆزی رووسیا لە كانوونی یەكەمی 2016 لە ئەنقەرە، بەو هێرشە رووسیا تێكنەشكا، بەڵام توركیا لاواز دەركەوت. لەبەرئەوەش گوللەی سێ دەمانچە بێدەنگەكەی دەست سێ گەنجەكەی رۆژی 17ی تەممووز لە هەولێر پێش ئەوەی لە كارمەندەكەی توركیا بدرێن، لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دران.

عوسمان كۆسە، كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا بێت، یان “ئەفسەرێكی میت لە دێسكی ئێران” وەك عەمبەرین زەمان لە راپۆرتێكی مۆنیتۆردا دەڵێت، هیچ لە پرسەكە ناگۆڕێت. ئەوەی لەو هێرشەدا بووە ئامانج كوردستان بوو نەك توركیا. لەبەرئەوەش هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP، كارێكی راستیان كرد كە لە رستەیەكدا هێرشەكەیان لە “شوێنێكی دوور لە شەڕ” و بۆ سەر “دیپلۆماتكاران” شەرمەزار كرد.

كوشتنی عوسمان كۆسە لە هەولێر، هەوڵی جیدی هەرێمی كوردستانی بۆ دروستكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تێكدا. هەوڵێكی زۆر درابوو، زەوینەیەكی باش لە سازبووندا بوو، بەڵام هێرشەكەی هەولێر هەرێمی كوردستانی بردەوە قۆناخی تۆكمەكردنەوەی سەقامگیریی خۆی، لەجیاتی دروستكردنی ئاشتی لە دەوروبەری خۆیدا.

 هێرشی 17ی تەممووز، پەیامەكانی ئۆجەلانی بۆ دروستكردنەوەی گونجانێكی سیاسی لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان و، بەهێزبوونی پێگەی سیاسی كوردی لە ئیستەنبووڵ گەڕاندەوە خاڵی سفر. تەنانەت پارتی گەلی كۆماری CHP كە خۆی ئامادە دەكرد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داننان بە بەشێک لە مافەكانی كورد لە پەیام و پرۆگرامی خۆیدا، دوای ئەوەی دەنگی دەنگدەرانی كورد بووە هێزی یەكلاكەرەوە لە ئیستەنبووڵ، بەهۆی هێرشەكەی هەولێر رووی دەمی بووەوە بە شەرمەزاركردنی هێرشكردنە سەر تیمی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، هاوشێوەی هێزە ناوچەیی و جیهانییەكان. هێرشی بەوشێوەیە ئاراستەی ئەوانەی هێرشدەكەنە سەر ئاڵای كوردستان و ناوی كوردستان لە پەرتووكە كۆن و نوێیەكان لادەبەن لە توركیا، بەهێز دەكات.

وتارەکەی جەمیل بایک لە رۆژنامەی واشنتن پۆست کە تێیدا دەڵێ ئێستا کاتی ئاشتییە لەگەڵ تورکیا و کاتی کۆتاییهێنانە بەشەڕ لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیادا، ئاراستەیەکی راستە و نەگۆڕینی ئەو ئاراستەیەش لە بەرژەوەندی خۆیان و تورکیا و هەموو کوردە.

بەر لە مانگێك كوردانی شارەزا دەیانگوت، كورد پێگەی خۆی باش بەهێزكردووەتەوە ئەگەر لە خۆی تێكنەداتەوە، بەڵام لە 17ی تەممووزدا، دژی بەرژەوەندی كورد و بە دەستی كورد تێكدرایەوە.

هەرێمی كوردستان بە سەقامگیربوون و بەهێزبوونەوە دەتوانێ پێگەی خۆی و هەموو كورد بەهێز بكات، نەك رۆژ لە دوای رۆژ سوپای وڵاتان بۆ قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان رابكێشرێت و بەڕۆژی نیوەڕۆ لەنێو رێستۆرانتدا هێرش لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامبدرێت. چەند زیاتر هەرێمی كوردستان ئارام بێت و ببێتە ئارامی بۆ دەوروبەرەكەی، هێندە زیاتر نموونەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەردەكەوێت و هێز دەداتە هەموو كورد.

پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هەولێری نەگرتە ئەستۆ، بەڵام رەتیشینەكردەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی ئاشكرا نەكردووە و هیچ لایەنێكیشی بە ئەنجامدەری دیارینەكردووە. بەڵام لەلایەن میدیای ناوچەیی و جیهانییەوە، دەستی تۆمەت بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان رادەكێشرێت. هێرشێك لەنێو هەولێردا یەك ئەنجامی دەبێت، تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵك و كاردانەوەی حكومەت لە هەرێمی كوردستان. هەروەها هەموو ئەوانەش كە وەك هێلانەی هیواكانی كورد تەماشای هەرێمی كوردستان دەكەن، هەمان هەستیان دەبێت.

پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD، زۆرجار جەخت لەسەر دوو خاڵ دەكاتەوە: رێگە نادەین و رێگەمان نەداوە لەلای ئێمەوە هێرش بكرێتە سەر خاكی توركیا. رێگەنادەین هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات بێت لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا.

ئینجا ئەگەر ئەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان راستبێت، بۆ هەرێمێكی دەستووریی وەك هەرێمی كوردستان هەر زۆر زیاتر راستترە و دەبێ پارتی كرێكارانی كوردستان ئەو لۆژیكە بۆ هەرێمی كوردستانیش راست ببینێت.

ئەوەی لەو رووداوەدا وەك پێویستی دەردەكەوێت، پێویستی هەبوونی یاسایەكی تایبەتە بە رێكخستنی كاری دیپلۆماسی و كونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كاری دیپلۆماسی بەپێی رێسا جیهانییەكان رێكبخرێت.

لە هەمانكاتدا زۆر گرنگە توركیا و هەرێمی كوردستانیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت، كە هەر كاتێك هەوڵی دروستكردنی ئاشتی هەبێت، هەوڵی تێكدانی ئاشتیش بە ئاشكرا دێتە پێشەوە. زۆرجاریش ئەو دەستانە تێكەڵەیەكن لە دەستی ناوخۆیی و ناوچەیی. ئەمڕۆ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا، بۆ بەهێزكردنەوەی سیاسەتی جەماوەریی خۆی، تەنیا دوو رێگەی هەیە نەك سێ ، ئەوانیش باشكردنی باری ئابووری و نزیكبوونەوەن لە كورد. بۆیەش بەهەستیاری مامەڵەكردن و بەهێزكردنی رێگە و پەیامی ئاشتی چارەسەری هەموو كێشەكانە. هەموو كاتێكیش كە شەڕ و خوێنڕشتن زۆر دەبێت، ئەوكات رێككەوتن بۆ ئاشتی زۆرتر پێویست دەبێت.