هەواڵى ناوخۆ

نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دیاری كرا

نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كارا كراوەتەوە و كەسێكی نوێش بۆ ئەو نوێنەرایەتییە دیاری كراوە. دەشڵێ، بوونی ئەو نوێنەرایەتییە لە بەغدا، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.

د. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتریش لە بەغدا هەر هەبووە، بەڵام ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارای كردووەتەوە و بەرپرسێكی نوێشی بە ناوی (فارس عیسا) بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە و ئێستا دەستبەكاریش بووە، كە خۆی خەڵكی پارێزگای دهۆكە.

سەبری گوتیشی، بوونی ئەو نوێنەرایەتییە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە پردێكی پەیوەندی دەبێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر پێشوەچوون بە خۆیەوە ببینێت و پەرەی زیاتری پێ بدرێت.