هەواڵى ناوخۆ

پارتی بۆ قەرەیلان: پێشمەرگە بۆی ھەیە لە ھەر بستێكی خاكی ھەرێمی كوردستان سەنگەر لێبدات، بۆ ئەمەش پرس بە پەكەكە ناكات

 

 

 

دوای ئەوەی موراد قەرەیڵان لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی لەگەل كەناڵێكی سەر بە پەكەكە رایگەیاند:پێشمەرگە بۆی نیە سەنگەر لەو شوێنانە لێبدات كە لەژێر كۆنتروڵی پەكەكە دایە، بەرپرسێك لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەلێت”پێشمەرگە بۆی ھەیە لە ھەر بستێكی ئەم خاكە جموجوڵی ھەبێت، بۆ ئەمەش پرس بە پەكەكە ناكات”.

جێگوڕكێی ھێزەكانی پێشمەرگە، لە ناوچەكانی دەركار، شێلادزێ، دینارتە و ئامێدی پەكەكەی دڵگران كردووە و میدیایی پەكەكە بە چڕی چاودێری جموجوڵەكانی پێشمەرگە دەكەن، كار گەیشتە ئەوەی موراد قەرەیلان لێدوانی لەسەر بدات، لەم باریەوە بەرپرسێكی پارتی بۆ ئاژانسی ھەواڵی (پەیامنێر)ـی راگەیاند: پێویستە پەكەكە سنووری خۆی بزانت، سنووری شەڕی پەكەكە باكوری كوردستانە نەك ھەرێمی كوردستان، بەپێی دەستووری عێراق پێشمەرگە پارێزەری سنووری ھەرێمی كوردستانە، بویە دەتوانێت لەھەر بستێكی ئەم خاكە سەنگەر لێبدات و جموجوڵی سەربازی ھەبێت، ئەوە پەكەكەیە كە نابێت سەنگەر و موڵگە لەناو ھەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە ئێمە پەكەكەمان وەك میوانیش قبوڵ نیە نەك وەك ھێزێكی چەكدار گوایە “باشووری كوردستان دەپارێزن”.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشلێت:”ھەر ھاتنە پێشوەیەكی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان پەكەكە لێی بەرپرسیارە، چونكە بیانووی توركیا ھەبوونی پەكەكەیە لە ناوچەكە، لە واقعدا راستە و پەكەكە توركیا پەلەكێش دەكات، ئەگەر پەكەكە لەم ناوچانە نەبێت، بوچی رۆژانە فرۆكەی توركیا ئۆتۆمبیلەكانی پەكەكە دەكەنە ئامانج لە ئەنجامدا گەریلا گیان لەدەست دەدات”.

ئاماژەی بەوەشكرد كە، پەكەكە ھۆكاری چوڵبوونی نزیكەی ٥٠٠ گوندی ھەرێمی كوردستانە.

دەربارەی لێدوانی جەمایل بایك كە گوتبووی: خۆ پەكەكە لە لیبیا نیە، كەچی توركیا دەست لە كارووباری لیبیا وەردەدات” وەلامی ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوە بوو”چون ھەرێمی كوردستان ھێزێكی وەك پەكەكەی لێ بووە بە بەڵا، بەھەمان شێوەش لیبیا چەند ھێزێكی ھاو شێوەی پەكەكەی لێ بووتە بەڵا، ئەگەر وا نیە بۆچی لەسەردەمی قەزافی كەس بوێری ئەوەی نەبوو دەست لە كارووباری لیبیا وەربدات، لێرەدا دەردەكەوێت ھێزە تێكدەرەكانی ھاوشێوەی پەكەكەن وڵاتی تر پەلێكش دەكەن”.