هەواڵى ناوخۆ

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار: بەڕێوەبەرێکی شارەوانی بەهۆی گەندەلی و کەمتەرخەمی لەکارەکەی دوورخستەوە

دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی سکاڵای چەند هاوڵاتیەک لە بەڕێوەبەرێکی شارەوانی لە سنوری پارێزگای هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای بەدوا دەچوون بڕیاری لادانی سەرۆک شارەوانیەکەی دەرکرد.
 
بەپێی زانیاریەکانی دەزگای میدیایی خواکوڕک کە لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی شارەونی و گەشت و گوزار دەستی کەوتوون، بەهۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵی و گلەیی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری یەكێك لە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتەكەی لە شاری ھەولێر، لەسەر كارەكەی دوورخستەوە.
 
ئەو سەرچاوە ئاشکراشی کرد کە وەزارەتی شارەوانی وگەشت و گوزار لیژنەیەكی بۆ لێپرسینەوە لە ھەندێک ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانەی سەر بە فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێكهێناوە، ئێستا بەدوا داچون دەکرێت بۆ کارەکانی بەڕێوەبەرەکان، كە گومانی کاری نایاساییان لێدەكرێت، یان لە راییكردنی كاروباری هاووڵاتییاندا كەمتەرخەم بوونە.
 
بەپێی لێدوانی سەرچاوەکەی خواکوڕک لیژنەكە زۆر بە چڕی بەدواداچون و کاردەکات، چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكات لێژنەکە دەسەڵاتیان پێدراوە ئەگەر هەر فەرمانبەرێک لە ھەر ئاستێکی وەزیفە، كەمتەرخەمی یان گەندەڵی لەسەر ساغبێتەوە یان كاروباری خەڵكی بە باشی رایی نەكردبێت و گلەیی زۆری لەسەر بێت، یان لەسەرپەرشتی پڕۆژەکان کەمتەرخەمی نواندبێت، دەمودەست لەسەر كارەكەی دووردەخرێتەوە.