وتار

کورد لە نێوان بەرداشی زلهێزەکاندا

پرسی رۆژئاوای کوردستان چەند رۆژێکە بووە بە هەواڵ و باسی یەکەم لە سەرتاسەری جیهان، ئەمجارە نەک تەنها بووە بە تایتڵ و بابەتی گەرمی مێدیاکان، بەڵکو بووە بە پرس و تەوەری سەر مێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ژمارەیەک وڵاتی زلهێز و خاوەن هەژموونی ناوچەکە (رۆژهەڵاتی ناڤین). ئەکتەرە سەرکییەکان بە دوو شێوە یارییەکانیان دەکەن، گروپێکیان کە ئەمریکا و تورکیان بە ئاشکرا و بێ شەرمانە و گروپەکەی دیکەیان کە روسیا و ئێرانن لە پشتی پەردەوەن.هەر بۆیەش فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لەسەر گروپی یەکەمە (ئەمریکا و تورکیا). ئەمریکا بەدەموچاوی دۆناڵد ترەمپەوە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە و تورکیاش بە دەموچاوی ئەردۆغانەوە لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی وشکانییەوە هەنگاو دەنێن، بەڵام هەنگاو بەرەو چی و لە چوارچێوەی کام بەرنامە وستراتیژییەتی دارێژراو؟.

ئەمریکا دەڵێت ئیتر نابم بە بەشێک لە جەنگێکی دوو سەد ساڵە و با کورد خۆی جەنگی خۆی بکات بۆیە کشامەوە. تورکیاش دەڵێت، بەرنامەم هەیە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر، بۆ گەڕاندنەوە و جێگیرکردنی 3 ملیۆن ئاوارەی سوری کە ئێستا لە تورکیان. لەولاشەوە هێزە کوردییەکانی ناوچەکە لەرێگەی رێککەوتنەوە ناوچەکە دەسپێرنەوە دەست حکومەتی سوریا...

بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە لێکۆڵەرەوەی فەرەنسی (فابریس بالنکی) بڵاوی کردووەتەوە ئەو ناوچەیەی دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ببێت بە ناوچەی ئارام 850000 کەسی تێدا دەژیت، کە 650000 ی کوردن و ئەوانی ترعەرەب و کریستیان و تورکمانن (واتا کورد زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە پێکدەهێنن). لێکدانەوە سیاسییەکان ئاماژەبەوە دەکەن کە ئەم گێژاوەی رووبەرووی ناوچەکە بووەتەوە رێککەوتنێکی ژێربەژێری ئەکتەرەکانی ئەم رووداوانەن وئامانجیش گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و تێکشکاندنی کەمەرەی کوردییە کە وڵاتانی ئیقلیمی بە مەترسی ئاییندە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەییان لە قەڵەمی دەدەن. هەندێکی دیکەش وای بۆ دەچن کە ئەمە گەمەیەکە بۆ دروستکردنی کەمەرەیەکی عەرەبی سوننە. لێکدانەواکان زۆرن و بەرامبەر ئەمەش پێشهات و گۆرانکارییەکانیش زۆر بەخێرایی روودەدەن و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دیوێکی مەترسیداری دیکەی پرسەکەیە...

ئەوەی پێویستە بەلای ئێمەوە گرنگ بێت و بە هەندی وەرگرین گەمەکە لە بەرژەوەندی کورد ناچێتە پێشەوە تا رادەیەک چاوەروان دەکرێت ئەنجامەکانی ئەم جەنگە ببێت بە یەکێک لەو رووداوە مێژووییانەی کە بووە بە هۆکاری پاشەکشەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا...

تورکیا و پەکەکە

پاش نەهێشتنی داعش لە ناوچەکە پەکەکە نەیتوانی سیاسەتێکی عاقلانەی هەبێت و باجەکەشی خەڵکی ناوچەکە دایەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم دانبەخۆنانەی ئێستای پەکەکە و پارتە سێبەرەکانی لە باکوری کوردستان بەردەوام بێت، ئەگەر هەیە رووداوەکانی داهاتوو لە بەرژەوەندی کورد بێت (بەتایبەتی ئەگەر بیانووی زیاتر نەدرێت بە دەست ئەردۆغانەوە). ئه‌مڕۆ کورد هێزی یەکلاکەرەوەیە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و ئەگەر بتوانن سەرکەوتووبن لەوەی زیرەکانەتر مامەڵە  لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن ئەوسا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو وەڵامی خۆیان دەدەنەوە...

ئەمریکا و تویتەکانی ترەمپ

هەڵوێستی ئەم دواییەی ترەمپ پێویست بە سەخڵەت بوون ناکات، هەروها پێویست بەوەش ناکات ئەمریکا بە بێ وەفاو خائین لە قەڵەم بدەین، ئەوەی گرنگترە ئیتر کاتی هاتووە دیدی خۆمان هەمبەر جیهان بگۆرین. یەکەمجارە ئەمریکا بەئاشکرا پشتی تێکردین، ئەمجارە ناچار نەبووین بە تەنهایی ئازاری بێ وەفایی و بریاری هەڵەی ئەمریکا بچێژین، بەڵکو گشت دونیا شاهێدی ئەوە بوو کە چۆن ئەمریکا بە یەک پەیامی تویتەر باشترین هاوپەیمانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بەجێهێشت و  تەسلیمی دۆزەخی کردن... کوردستانی بێکەسم، بۆ ئەوەندە حەپەساوین و باوکەڕۆمانە؟ خۆ ئەمریکا یەکەمجاری نییە لە ناخۆشترین رەوشەکاندا جێماندەهێڵێت!؟ با نەگەڕێمەوە بۆ مێژوو چونکە لای زۆربەمان رووداوەکان ئاشنایە و پێویست ناکات ئەوەندە مێژووناس بین، گرنگ دەرس لە رابردوو وەرگرین و لەهەمان بازنەی بەتاڵ بەهەمان سیاسەت و هزری ئەوکات و بەدەستی بەتاڵ نەخولێینەوە... بەشبەحاڵی خۆم سوپاسی ترەمپ دەکەم کە ئەوەندە راستگۆیانە و بەبێ سانسۆر و زۆر شێتانە ئەمجارەیان رووبەروومان بوویەوە، تا گەیاندییە ئەو ئاستەی فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل بە ئاشکرا و بەبێ  دوو دڵی گەر تەنها بە پەیامێکیش بێت پاڵپشتی لە کورد بکەن. هەم دیسانەوە بەم هەڵوێستەی ترەمپ هۆشیاری کردینەوە کە ئیتر جگە لە خۆمان ئومێد لەسەر هیچ هێزێکی دەرەکی هەڵنەچنین. دووبارە سوپاس ترەمپ کە بێدارت کردینەوە لە بێهۆشییەکی قوڵی ناتەبایی و پەرتەوازەیی وخۆخۆری نێوخۆییمان. سوپاسێکی دیکەش بۆ ئەو هەموو بانگەشەیەی لە رێگەی تویتەرەوە بۆ کوردت کرد، هەرچۆنێک بێت ئەوەت سەلماند کە لە رووی جوگرافیاوە کوردناسێکی باشیت..

شادبوونەوە بە هیوا و ئومێد

یەکێک لە وتارە رۆژنامەوانییەکانی رەوانشاد باوکم (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی) کە زۆر کاریگەری لەسەر هزر و خەیاڵم جێهێشتووە تایتلەکەی بەناوی (لە نائومێدیدا ئەوداڵی ئومێدێکم)ە. باس لە دووبارە لە دایک بوونەوەی ئومێد و هەڵکردنی چرای هیوایە لەناخۆشترین بارودۆخ و لە تاریکترین سەردەمەکاندا، کە چۆن لە کێشە و رووداوە ناخۆشەکاندا بتوانین هیوا و ئومێدبسازێنەوە ... یەکدەنگی و هاوهەڵویستی لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی رۆژئاوا ئەو ئومێدەیەکە رۆشناییەکی تر لەم تاریکستانەدا هەڵدەکات. هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و پەیامە نەتەوەییەکانی لەسەر ئەم پرسە دەکرێت بکرێن بە بنەمایەکی نوێ بۆ یەکگرتنێکی نەتەوەیی سەرتاسەری. ترەمپیش پێی گوتین "کاتی ئەوە هاتووە کورد خۆی شەڕی خۆی بکات".

 دوور لە تووندوتیژی و خوێن رێژی، ئەم هەڵومەرجەی ئێستای کورد تێنووی شەری سیاسەت و دیپلۆماسییەتە بە هزرێکی تەواو کوردستانییەوە بێگومان بە گرنگیدان بەلایەنی سەربازی و کارکردن بۆزیاتر بەهێزکردنی پێشمەرگە...

 لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی