هەواڵى ناوخۆ

کەمال کەرکووکی: ھێزی پێشمەرگە لە لەناوبردنی داعشدا ڕۆڵی کارای بینیوە

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانی پارتی ڕای دەگەیەنێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لەناوبردنی داعشدا ڕۆڵی کارای بینیوە و سنوورێکی بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە داناوە.

لەمبارەوە د. كەمال کەرکووکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، ئەمیری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش نابێتە ھۆکاری بنەبڕکردنی تیرۆر، بەڵام کوژرانی ئەو گەورە تیرۆریستە دەبێتە ھۆکاری لاوازبوونی ڕێکخراوی داعش، ھەروەھا ڕەنگە لەکاتی دانانی تیرۆریستێکی دیکە لە جێگەی بەغدادی، کێشە و ناکۆکی بکەوێتە نێوان ھەندێک لە بەرپرسەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە".

گوتیشی: "داعش ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و لە کاری تیرۆریستی خۆی بەردەوام دەبێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقی و کوردستان ھاوکاریی یەکتری بکەن بۆ بنەبڕکردنی فکری داعش، چونکە وەکوو فکر داعش بەردەوامە".

کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ھەرچی خراپە ھەبوو کردی، بەڵام بەھۆی قارەمانێتیی ھێزی پێشمەرگەوە لەناو عێراق و ھەرێمی کوردستان پێشمەرگە سنورێکی بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە دانا و ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی ھەبوو بۆ لادانی تیرۆر و کاری تیرۆریستی".