هەواڵى ناوخۆ

رێبوار تاڵەبانی: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرگا بۆ گەندەڵی واڵا دەكات

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ،  هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرگا واڵا دەكات بۆ ئەوەی پارێزگارەكان بە ئارەزووی خۆیان گەندەڵی بكەن، چونكە هەموو دەسەڵاتێك لە دەست خۆیاندا دەبێت و كەس نییە چاودێرییان بكات، بۆیە تانەی لێ دەدەین.

رێبوار تاڵەبانی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاندووه‌ : "ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دەركردووە و پێشتریش یاسایان بۆ دەركردووە، هەروەها كاتی هەڵبژاردنیان دیاری كردووە و لەجیاتی هەمواركردنەوەی یاساكە، ئەنجومەنەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە، كە بێگومان ئەمە كێشەی خراپبەكارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی بنبڕ ناكات و پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمی دەسەڵاتدا بكەن، بە تایبەت ئەوانەی گەندەڵی دەكەن، نەك بێن ئەنجومەن هەڵوەشێننەوە، چونكە یاسای هەڵبژاردنی ئێستا سەقەتترین و گەندەڵترین یاسای دنیایە".

تاڵەبانی گوتیشی: "ئەو بڕیارە وادەكات هەموو پارێزگاكان دەستیان واڵا بێت گەندەڵیی زیاتر بكەن و ئەگەر راست دەكەن، پێویست بوو رێگری بكەن لەوەی هەشت ملیار دۆلار گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتەوە بكرێت، نەك ئەنجومەنەكان هەڵوەشێننەوە، بۆیە تانە لەو بڕیارە دەدەین بۆ ئەوەی هەڵوەشێتەوە و ئەنجومەنەكان لە كاری خۆیان بەردەوام بن تا هەڵبژاردن، چونكە تەنها دوو مانگ وادەی كاركردنیان ماوە".