بابەتەکان

بەپەلە... یه‌كێتى ئۆرگانێكى باڵاى خاوه‌ن بڕیار هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیاندا کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی کە ئێستا جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییە، دەبێتە کەسی یەکەمی ئەو حزبە.

شێخه‌ى مه‌مه‌ند ئاغا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیی یه‌كێتی، ئاشكرای دەكات یه‌كێتى هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ كردووه‌ و بڕیاره‌ لە ١٥ی ١١ی ٢٠١٩دا کۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان ئه‌نجام بده‌ین و ڕۆژى ٧ی مانگی داهاتوو كۆنگره‌ى چواره‌م ده‌به‌ستین“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا و بارودۆخى ڕۆژئاواى كوردستان، به‌ره‌و ئاڵۆزىی زیاتر هه‌نگاو بنێن، ئەوا ”ته‌سه‌وڕ ده‌كه‌م ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌هۆى بارودۆخى ناوچه‌كه‌وە، پرسی كۆنگره‌ بۆ كاتێكى دیكه‌ دوابخات، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا هیچ هه‌وڵێك بۆ دواخستنى كۆنگره‌ بوونى نییه‌“.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، كۆنگره‌ گۆڕانكارىی ڕیشه‌یی لەنێو هه‌موو حزب و ڕێكخراوێكدا ئه‌نجام ده‌دات، ”ئێمه‌ش بۆ كۆنگره‌ى خۆمان پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ و ئه‌و پڕۆژانه‌ كامه‌یان خۆى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتى و واقیعی سه‌رده‌مه‌كه‌ بگونجێت، ئه‌وه‌یان په‌سه‌ند ده‌كه‌ین، تاوەکوو بتوانین خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە له ‌كۆنگره‌ى چواره‌مدا ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیی یه‌كێتى نامێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا دوو پێشنیاز هه‌یه‌، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نێكى گشتى درووست بكرێت كه‌ خۆى له‌ ١٢١ كه‌س ده‌بینێته‌وە. دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جۆرێکی دیکەی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى درووست بکرێت.