بابەتەکان

سەعدی پیرە: ئیشەڵا هیچ شتێک لە کۆنگرەی یەکێتیدا ڕوو نادات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەکانی حزبەکەی بە شێوەی تەوافوقی بەڕێوە چووە، بۆیە هیوای خواست لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا ”هیچ شتێک ڕوو نەدات“.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند: "کارە هونەرییەکانی بەستنی کۆنگرەی چوارەم بەرەو کۆتایی دەڕوات و تەنھا ئەوە ماوە کە چاودێریی دۆخەکە بکەین و لەگەڵ ئیرادەیەک بۆ ئەوەی کە ناوی خوای لێ بێنین لە مانگی ١٢ی ئەمساڵدا کۆنگرە ببەستین“. 

ئاماژەشی بەوە کردووه‌ کە ھەرچەندە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە و ڕێکارەکانی بەستنی کۆنگرەش ئەنجام دراون، بەڵام دواخستنی کۆنگرە ”دۆخێکی تایبەتە، بەومانایەی ئەگەر ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ھەرێم ھەبێت، یان بەشێکی کادیرە سەربازییەکانمان شەڕی بەرپەرچدانەوەی ئەو ھەڕەشەیە بکەن، ئەوکاتە ڕەنگە شتێکی دیکە بکەین“. 

پێشتریش فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاشکرای کردبوو، ئەگەر هەیە پێش کۆنگرە باڵەکانی حزبەکە بگەنە سازان. سەعدی پیرە گوتی: ”یەکێتی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەکانی بەڕێگەی تەوافوقی بووە“. 

هیوای ئەوەشی خواست لە کۆنگرەی چوارەمدا ”ھەموو ھەڤاڵەکانمان ئەزموونی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، ئیشەڵا ھیچ شتێک لە کۆنگرەدا ڕوونادات“.