هەواڵ

سەردانی پێنس بۆ هەرێم بۆ راستكردنەوەی وێنەی نارێكی ئەمەریكا بوو بەرانبەر بە كورد

چاودێرێكی سیاسی كورد پێی وایە، سەردانەكەی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو وێنە ناڕێكەی ئەو وڵاتە بوو كە لە كاتی ڕیفراندۆم هەیبوو بەرانبەر بە كورد و دووبارە پشتیوانی خۆی بۆ كورد دەربڕییەوە.

ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتمەداری كورد ڕاگەیاند، هاتنی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان لەبەر چەند شتێك بووە، یەكەم بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو وێنایەی لەسەر ئەمەریكا درووست بوو لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان، پێشتریش هەڵوێستی بەرامبەر دەرئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ناڕێك بوو و ویستی بەو هاتنەی جاڕێكی پشتیوانی بە كورد بداتەوە.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا وەك دۆستی كورد خۆی پێشان دا بەو هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان و لێڵی وێنەكان كە لەسەر ئەمەریكا دروست بووبوو بیسڕنەوە، هەروەها هاتنی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان وەڵامێكە بۆ عێراق و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێستەی عێراق.

كاروانی روونی كردەوە، ئەمەریكا پێی وایە بەغدا شوێنێكی نائارامە و ئەو حكوومەتەی ئێستە، بەشێوەیەكی كردەیی یەكلا بووەتەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانی لە ئێران دەكات و دەرگەی وڵات كراوەتەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئێران مامەڵەی خۆپێشاندانەكان دەكات.

ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەش كرد، هاتنی مایك پێنس لەو سەردانە دەكرێ داوای كردبێت كە چیتر كورد پشتیوانی لەو حكوومەتە نەكەن، هەروەها مانەوەی ئەمەریكایە لەگەڵ كورد، كورد بە تەنیا جێ ناهێڵن.