هەواڵ

هەوڵێ گۆڕینی هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق دەدرێت

دۆخی عێراق بەرەو پشێوی زیاتر هەنگاو دەنێت، لەلایەك خۆپێشاندانەكان بەردەوامن و قوربانی زیاتریان لێ دەكەوێتەوە، لەلایەكی تر هەوڵەكانی حكوومەت و پەرلەمان بۆ چاكسازی ناگاتە ئاستی داواكاری خۆپێشاندەران، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە جموجۆڵێكی سیاسی فرەوان هەیە بۆ لادانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە.

رائید فەهمی: كاتی گۆڕانكاری سەرانسەری هاتووە

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئێستە جموجۆڵێكی فرەوان لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ لادانی هەرسێ سەرۆكایەتی لە عێراق، دوای ئەوە حكوومەتی كاتی و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، تا ئێستەیش 87 واژووی پەرلەمانتاران كۆ كراونەتەوە و پلانەكەش ئەوەیە ئەو ژمارەیە بگات لە 166 واژوو و رەوانەكردنی بۆ سەرۆك كۆمار و ئەویش نووسراو بۆ پەرلەمان رەوانە بكات بۆ لەكارخستنی حكوومەت. 

روونی كردەوە، دووەم هەنگاو بریتییە لە جموجۆڵێك لەناو پەرلەمان بۆ گۆڕینی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و دوای ئەویش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو فراكسیۆنانەشی كە پاڵپشتی لەو گۆڕانكارییە دەكەن بریتین لە "سائیروون" و "بەیارق ئەلخەیر" و چەند لایەنێكی هاوپەیمانی "نەسڕ" و "بەرەی ئینقاز" و چەند لایەنێكی كوردی و ئەوان لە سبەیەوە دەست بە جموجۆڵ دەكەن و لەگەڵ هاوپەیمانی "فەتح" كۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ رائید فەهمی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی هاوپەیمانی "سائیروون" رای گەیاند، كاتی گۆڕانكاری سەرانسەری هاتووە و پێویستە حكوومەت و پەرلەمان گوێ بۆ ویستی جەماوەر بگرن و وەڵامی داواكاری خۆپێشاندەرانی راپەڕیو بدەنەوە.