هەواڵى ناوخۆ

بەرپرسێکی یەکێتی ئاشکرای دەکات کە کۆنگرە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا نابەسترێت

بەرپرسێکی یەکێتی دەنگۆیەکی میدیای سەر بە لاهوور جەنگی بەدرۆ دەخاتەوە کە بانگەشەی ئەوەیان کردبوو، گوایە سبەی سێ شەممە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بە مەبەستی پەکخستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات.

میدیاکانی سەر بە لاهوور جەنگی کە پێشتر لە دژی لایەنەکانی کوردستان بەکار دەهێندران و لەم دواییانەدا بە هۆی کۆنگرەی حزبەکەوە، لە دژی سەرکردە و باڵەکانی خودی یەکێتی بەکار دەهێندرێن، دەنگۆی گەشتکردنی کۆسرەت ڕەسوڵیان بۆ دەرەوەی وڵات بڵاو کردووەتەوە، گوایە بە مەبەستی پەکخستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییە و بڕیارە لە ٧ی ١٢ی ٢٠١٩ گەشت بكات.

حاجی مەسیفی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند "تاکو ئێستە کاک کۆسرەت بەرنامەی ئەوەی نیە گەشتی دەرەوەی وڵات بکات، ئەو دەنگۆیانەش ھیچ ڕاستیەکیان تێدا نیە، تەنھا پڕوپاگەندەیە".

مەسیفی ئەوەشی رەت کردەوە کە هیچ هەوڵێک بۆ دواخستنی کۆنگرە هەبێت، بەڵام "ڕووداوەکانی بەغدا و دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھەروەھا گەڕانەوەی دکتۆر بەرھەم ساڵح بۆ بەغدا، ڕەنگە ھەندێک گرفتی بۆ کۆنگرە دروست کردبێت".

بە بڕوای حاجی مەسیفی، ئەگەر کۆنگرەی حزبەکەی بۆ چەند ڕۆژێکی دیاریکراو دوابخرێت، "ھیچ کێشە نابێت"، چونکە یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە و ئێستەش ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دەکەن.