وتار

ئەمەریکا و ئێران دەیانەوێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان،بزانە چۆن؟

گەڕانەوە بۆ ماڵ…دیقەت بدەن…

٣

ئێران و ئەمەریکا لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم تێڕوانینێکی جوودایان هەیە، ئەمەریکا لەگەڵ ئەوە نییە کە پێشمەرگە بەبێ بوونی رووداوێک لە ناوچەکە بگەڕێتەوە، بەڵکوو ئەوان دەیانەوێ گورزی نوێ لە حەشدی شەعبی بوەشێندرێ یانیش لانی کەم ناوچەکە جێبێڵن و دوای وەدەرنانی حەشد یان کەوتنی ناوچەکە بەرێگەی خولقاندنی رووداوێکی نوێ، پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە، بەڵام پێشمەرگە بۆ ئەمەریکا ناجەنگێ، بەڵکوو خاڵی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و پێشمەرگە و وڵاتانێکی دیکەی ئەورووپایی لە ناوچەکە بۆ جەنگ، شەڕی تیرۆرە، بۆیە ئەگەر دەستی تیرۆر لە ناوچە کوردستانییەکان گیربوو و ناوچەکە کەوت، ئەو کاتە پێشمەرگە بە رێگەپێدراوێکی دەولی دەتوانێ بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەکە بگەڕێتەوە، ئەگەرچی لە ئێستادا زانیارییەکان وا دەری دەخەن کە داعش خۆی بۆ گورزێکی گەورە لەو ناوچانە ئامادە کردووە و دەیەوێ دەرفەت وەرگرێ و رووداوێک لەو ناوچانە بخولقێنێ.

هەرچی تێڕوانینی ئێرانییەکانە بۆ ناوچەکە بە شێوەیەکی ترە، ئەوان لەگەڵ ئەوەن لەدوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و نەوت، رێککەوتنێک بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە بکرێ، کە پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراق و بەشێک لە حەشدی شەعبی ببن بە پارێزەری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەڵام پێشمەرگە پارێزەری حەشدی شەعبی نییە، بەڵکوو مەرجی پێشمەرگە روونە کە دەبێ هێزە چەکدارەکان لەنێو شارەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکشێنەوە و، پۆلیس لەوێ حوکمڕان بێ، پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە دەرەوەی شارەکان بن بە گوێرەی ئەو سەنگەرەانی پێشوو هەبوونە.

تێڕوانینی تورکیایش شتێکی جوودایە، ئەوانیش دەیانەوێ بەبیانووی پەکەکە دەستوەردانێک لە داهاتوو لە هەندێ ناوچەی کوردستانی بکەن، بەڵام خۆی دەستوەردانی تورکیا لە رۆژئاوا بەشێوەیەک سەرکەوتنی نەهێنا کە ئەوانیش بۆ بەشێکی وەک مەخموور و شنگال تا وەکوو قەندیل بجوڵێن، ئەم بیرۆکەیە هێشتا نیەتی تورکیایە، بەڵام رووداوەکانی ناوچەکە تازە لە تەقینەوەی نوێ دان، هەرێمی کوردستان لەبارەی رۆژئاوا تێڕوانینی زۆر جوودای لەگەڵ تورکیا هەبوو، بەلام لەبارەی هیزێکی چەکداری پەکەکە کە لە سنوورەکانی هەرێمدان، هەرێمی کوردستان لەگەڵ مانەوەیان نییە.

ئەمەریکاییەکان بە ئاشکرا دەڵێن، کە دەستمان لە عێراق هەڵنەگرتووە، بەڵکوو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، تازە بەرهەمی یارییەکەیان دەست پێدەکات کە پەرتەوازەکردنی شیعەی سیاسییە لە نێو عێراق دا..پێکهێنانی کابینەیەکی دیکە ئەگەر سەرۆکوەزیرانەکەی بە دڵی ئەمەریکا نەبێ، هیچ لەو هاوکێشەیە ناگۆڕێ کە ئەوان بەرنامەیان بۆ عێراق داڕشتووە کە دەبێ شیعەی سیاسی لە نێو شیعەی شەقام دا خەرق بێ، هەروەک دەبینرێ کە لەسەر پرسی عێراق ئەمەریکا جیددی نییە و حسێب بۆ ئەم بەرپرسانەی ئێستای عێراق ناکەن.

بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نزیکە لە نێو رووداوە سیاسییەکانی عێراق لەو ماوەیە لە هەولێر بوو گوتی، کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکایش وەک ئەوەی کە هەولێر لە جیاتی بەغدا لەلاین ئەمەریکا مامەڵەی فەرمیی لەگەڵ دەکرێ، ئەم کۆمپانیایانەش وا ئێستا لقە سەرەکییەکانیان بەرەو هەولێر دێنن.

سوونەکانیش لە ئێستادا خۆیان بۆ دیداری بەرپرسە باڵاکانی هەرێم ئامادە دەکەن، لە کاتێکدا کە شیعەکانیش دواجار لەسەر هێڵن بۆ دیدارەکان، خشتەی دیدارەکان لە رێکخستندایە. بۆیە گەڕانەوەی پێشمەرگە بەندە بە تەوقیتی کوردستان خۆی و گۆڕانکاری ناوچەکە چ لە رێگەی ئاشتی بێ یانیش هەر رووداوێک کە بێتەپێشەوە.

هەرێمی کوردستان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وا سەیردەکرا، کە پارێزگایەکی عێراقە، کەچی ئێستا هەموو عێراق لە هەولێر لەلایەن ئەمەریکاوە سەیردەکرێ، بۆیە شیعەو سوونەکانیش لەسەر هێڵن بەگەرمی بۆ ئەوەی دڵی هەولێر لە خۆیان رازی بکەن، لە کاتێکدا کۆمەڵێک لەو بەرپرسانەی کە هێشتا هیچ نەبووە بە نهێنی مەسج بۆ هەولێر دەنێرن تا بێنە هەولێر و بە دیداری بەرپرسانی باڵای هەرێم بگەن، ئەمانە بوون رۆژانێک دەیانویست کە حوکمڕانی هەولێر کۆتایی پێبێنن و دەیانگوت هەرێم کۆتایی هاتووە، کەچی لە واقیعدا خەریکە ئەوان ئاوا دەبن و، هەولێر لە شوێنی خۆیەتی، قەبارە و سەنگی ئێرەیش کە هەولێرە، لەڕووی دیپلۆماسی و حساباتی سیاسی ناوچەکە، چەندان هێندەی بەغدایە و لە پای تەرازووی حساباتی سیاسی ناوچەکەیش ئێستا ئێرە سەنگی مەحەکە.

تەنیا کوردی