عیراقى و جیهانى

نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران

سەرچاوەیەک لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە گەنجینەی هەرێم بە (باسنیوز )ی ڕاگەیاند کە مووچەی مانگی 10کراوەتە چەک و ئامادەکراوە بۆ ئەوەی لە جیاتی مووچەی مانگی 1ی 2020 بدرێ.

 

سەرچاوەکە جەختیکردەوە ئەو چەکی مووچەیەی کە لە مانگی 1 دەدرێ، لە خەرجی مانگی 10ی ساڵی 2019 تۆمارکراوە.

 

ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە ئەو مووچەیەی کراوەتە چەک تەنیا بۆ گەنجینەکانە و بە هیچ جۆرێک چەک نادرێته فەرمانبەران. 

دووپاتیشیکردەوە بەپێی ئەو پلانەی داندراوە دوو مووچە لە مانگێک نادرێت ،بەڵکو مانگانە مووچەیەک دەدرێ. 

بڕیارە لە ناوەڕاست، یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10بکرێت ،ئەویش بەپێی خشتەی مانگەکانی پێشوو. 

بەهجەت ئەڕشەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکاتەوە و مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2019 لە ساڵی 2020بەردەوامی دەبێ. 

پێشووتر ڕێباز حەملان ،یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەفتەنامەی (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "مووچەی مانگەکانی 10و11و12 پاشەکەوت ناکرێ،بەڵکو لە دابەشکردنی بەردەوام دەبێ". 

ئاماژەی بە ئەوەش کردبوو کە "حکوومەت گەرەنتی ئەوەی کردووە مووچە لە 30ڕۆژ جارێک دابەش بکرێت لە ساڵی 2020یش بەم شێوە بەردەوام دەبێ ".