هەواڵ

حه‌سه‌ن نەسروڵا: هەڕەشە لە سوپای ئەمریكا دەكات: "پێڵاوەكانی" سلێمانی یەكسانە بە دۆنالد ترەمپ

 

حەسەن نەسروڵا، سەرۆكی حزبوڵای لوبنان پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی سوپای ئەمریكا كردو راشیگەیاند،"پێڵاوەكانی سلێمانی یەكسانە بە دۆنالد ترەمپ".

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان له‌به‌رامبه‌ر كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پێڵاوه‌كانی سوله‌یمانی به‌رامبه‌ره‌ به‌تره‌مپ". 

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ڕایگه‌یاند، له‌به‌رامبه‌ر ڕژانی خوێنی قاسم سوله‌یمانی، سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئامانج، هیچ كه‌سایه‌تیه‌كی ئه‌مریكیشی به‌راورد ناكه‌ین به‌سوله‌یمانی، به‌ڵكو ته‌نها پێڵاوه‌كانی سوله‌یمانی به‌رامبه‌رن به‌دۆناڵد تره‌مپ.

نه‌سڕوڵڵا هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكاشی كردو وتی:"بنكه‌و تاوه‌ره‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكاو هه‌مو ئه‌فسه‌رێكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ناوچه‌كه‌و هاوڵاتیانیشیان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین و ڕوبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌".
هۆشداریشیدا له‌وه‌ی، هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئه‌مریكی نه‌كرێنه‌ ئامانج و وتی: "له‌ئێستادا هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئه‌مریكی ناكه‌ینه‌ ئامانج، چونكه‌ ئه‌وكاره‌ خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن ده‌كات و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای تیرۆر".

به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی ڕابردو، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ دو ئۆتۆمبێلیان له‌ نزیك فرۆكه‌خانه‌ی به‌غداد بۆردومانكردو له‌ئه‌نجامیشدا، هه‌ریه‌ك له‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی گشتی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و نۆ كه‌سی دیكه‌ كوژران.