عیراقى و جیهانى

هه‌واڵێكی‌ خۆش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ .. دوو بڕیار له‌باره‌ی‌ مووچه‌ی‌ پاشه‌كه‌وتكرا و خانه‌نشینی‌

مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان ڕای‌ گه‌یاند، ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ نین، چونكه‌ زه‌وینه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی زیاتر و چالاكیی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێ.

ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبووه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان  تیشكی خسته‌سه‌ر دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، سه‌رۆك وه‌زیران رای گه‌یاندووه‌ "ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ نین، چونكه‌ زه‌وینه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی زیاتر و چالاكیی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێ به‌تایبه‌تی داعش، هه‌رێمی كوردستانیش به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر".

له‌ناوه‌ڕۆكی‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا نووسراوه‌ كه‌ مه‌سروور بارزانی‌ دووپاتی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌  هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌یه‌ و "هیواداراین هه‌موو لایه‌نه‌كان رێز له‌ رۆڵی هاوسه‌نگانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگرن" .

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافه‌ ده‌ستووریی و مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران به‌بێ‌ باسكردن له‌ پڕۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ كوردستان ته‌واو نه‌كرا، به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی‌ حكوومه‌ت له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ند پێشنیارێكی تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد په‌سه‌ند كرا، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند كرا و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرا

"حكوومه‌ت دوو بڕگه‌ی نوێی بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ند كرد كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پاراستنی گشت شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆران له‌ ئه‌ژمێرێك كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ رێنوێنییه‌ك رێكی ده‌خات . بڕگه‌ی دووه‌م تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌وله‌ویه‌تدانی حكوومه‌ت به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی، له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌ دوای چوونه‌ بواری جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی پاش ته‌شریعكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان". له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی‌ حكوومه‌ت وا نووسراوه‌.