هەواڵى ناوخۆ

كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌: سه‌رۆك وه‌زیران ئاگاداری‌ كێشه‌كانمانه‌


 مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ڵامی په‌یامی‌ به‌ركه‌وتوویەكی چه‌كی كیمیایی ده‌داته‌وه‌ و بڕی 30ی‌ هه‌زار یۆرۆی‌ بۆ خه‌رج ده‌كات. جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ستایشی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات.

ئاراس عابید جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ په‌یامه‌كه‌ی كامیل عه‌بدولقادر، به‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمیایی و هاوكاریكردنی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ، سه‌رۆك وه‌زیران ئاگای له‌ كێشه‌ و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانه‌.

زیاتر گوتی‌، جێی ده‌ستخۆشییه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ده‌م داواكاریی كامل عه‌بدولقادر برینداری چه‌كی كیمیایی هات. داوایشی‌ كرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران كاری رژد له‌سه‌ر ته‌واوی به‌ركه‌وتووه‌كانی تری چه‌كی كیمیایی بكات.

كامیل عه‌بدولقادر له‌ كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵی 1988 یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی و ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ به‌ده‌ست نه‌خۆشیی سییه‌كانی ده‌ناڵێنێت، به‌یانی ئه‌مڕۆ ڕای گه‌یاند، مه‌سروور بارزانی به‌ده‌م په‌یامه‌كه‌یه‌وه‌ هاتووه‌ بڕی سی هه‌زار یۆرۆی خستوه‌ته‌ سه‌ر حساب بانكییه‌كه‌ی.