هەواڵ

دەزگای رۆشنبیریی پارتی: نەسروڵڵا بە نەفەسێكی لەرزۆكەوە هێرشی ناڕەوای كردووەتە سەر ڕێبەری كوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێكدا وەڵامی لێدوانێكی دوێنێی حەسەن نەسڕوڵڵا ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵای لوبنانی دایەوە و ئاماژەی داوە كە نەسڕوڵڵا بە نەفەسێكی لەرزۆكەوە هێرشی ناڕەوای كردووەتە سەر ڕێبەری كوردستان.


لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە "ئەوەی تێبینیمان کرد بە نەفەسێکی لەرزۆک و، ناجێگیر، حەسەن نەسڕوڵڵا هێرشێکی ناڕەوای کردۆتە سەر ڕێبەری کوردستان سەرۆک بارزانی، سەرۆکێک کە لە پێناو ئاشتی بۆ جیهان و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە، بە هاوکاری گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، دەبوو لە جیاتی ئەو زمانە لەرزۆک و هێرشە ناڕەوایە، هیچ نەبووایە پێزانینت هەبوایە بۆ نەتەوەیەک، کە لە ناوچەکە وەک گەورەترین نەتەوەی ستەملێکراو، تێکۆشانی بۆ ئازادی و ئاشتی و مرۆڤایەتی کردووە".


دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی نووسیویەتی "ئەو راستییە ڕوون و ڕۆشنە، کە ئەوە هێزی پێشمەرگەی قارەمان بوو، بەرگریی لە هەولێر و کوردستان کرد و لە داستانی پردێ و سحێڵا و مەحموودیەش، نەیهێشت کە ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر داگیرکاری. سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوەی پێزانینی هەبووە بۆ هەموو یارمەتییەک لە شەڕی دژ بە داعش، ئەگەر قەبارەی یارمەتیدانەکە زۆر بچوکیش بووبێ، بەڵام ئەو شەرمەزارییە لەبیر ناکرێ، کە راستییەکەت لا ڕوونە و لە لاپەڕەکانی ڕۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئاشکرابوو، کە کێ بوون خەونی نەزۆکیان بریتی بوو لە داگیرکردنی کوردستان، دیارە ھەر پێشمەرگە دلێرەکان بوون جارێکیتر سەرجەم ئەو خەونە نەزۆکانەی لە گۆڕنا، بۆیە ئەگەر بیر لەوە بکەیتەوە سێرە لە ڕێبەری پێشمەرگەئاسای نەتەوەیەک بگری، باشترە پیداچوونەوەیەک بە دۆخی خۆت بکەیت، کە شوێنی داھاتووی سیاسیت لە کامە هاوکێشەی گۆڕانکارییەکان دایە و ئاسۆی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش لەژێر ڕۆشنایی ستراتیژیەتی سەرۆک بارزانی بەرەو کام قۆناغی گەشاوەتر و سەرکەوتن دایە".

لە كۆتاییشدا دەڵێ "دووپاتی دەکەینەوە تۆ لەو ئاستە نیت، کە بتوانی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانت، خەتێک بەسەر ئەو دواڕۆژە گەشە دابێنی، کە سەرۆک بارزانی لە قۆناغی شاخ و شاردا وەک ڕێبەری نەتەوەیەک ئاسۆیەکی گەشی بۆ گەلێکی ستەملێکراوی وەک کوردستان لە ناوچەکە فەراهەم کردووە".