هەواڵ

لەمەودوا نابێت مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتار لە ٪٥٠ی مووچەکەی زیاتر بێت

دوو ڕۆژە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی بەردەوامە و ئێستا پەرلەمانتاران لە نێو هۆڵی پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی ماددەکانی پڕۆژەکە دەکەن.

شوان کەریم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژە یاسای چاکسازی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ١٥ ماددە پەسەند کراوە و دانیشتنەکەش تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت". 

سەبارەت بە ماددەی ٧ کە تایبەتە بە خانەنیشینی پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەو ماددەیە گۆڕانکاریی تێدا کرا ئینجا پەسەند کرا کە پێشووتر ئاماژە بە ئەوەی درابوو کە پەرلەمانتار بە ٪٧٠ی مووچەکەی خانەنیشین بکرێ بەڵام بە زۆرینەی دەنگ کرا بە ٪١٥ بۆ ٪٥٠ واتا نابێت لە ٪٥٠ زیاتر بێت".

گوتیشی: "بەپێی ئەو ماددەی ٧ پەرلەمانتار کاتێک خانەنشین دەبێت ڕەچاوی تەمەنی خزمەت و بڕوانامەی دەکرێت و پاشان ڕێژەی مووچەکەی بۆ دیاری دەکرێت بەڵام نابێت لە ٪٥٠ زیاتر بێت".