هەواڵ

زانیارییە هەواڵگرییەکان.. قاسم سولەیمانی چۆن کوژرا؟

 

بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی سەرەتا لەڕووی هەواڵگرییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە دەستیپێکرد. لەوێ سێ سیخوڕی سەر بە ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا، سی ئای ئەی، هەبووە و هەواڵی هەڵفڕینی فڕۆکەکەی سولەیمانی بەرەو بەغدای بە کەسانی سەرووی خۆیان داوە. 

لە فڕۆکەخانەی بەغدا، سیخوڕی ئەمریکی هەواڵی گەیشتنی سولەیمانی بە سی ئای ئەی دابوو، دەستبەجێ، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شەش مووشەکەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا بەڕێکەوتوون. 

لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەچاوەڕوانی سولەیمانی بووە. هەموو ئەو جووڵانە بە شاشەی ڤیدیۆیی رەش و سپی لەلایەن سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکا لە سێ شوێنی جیاوازی ئەمریکاوە تەماشاکراون. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوینەهەواری خۆی لە مارا لاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، جینا هاسپڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی سی ئای ئەی لە بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە لە شاری لانگلی لە ویلایەتی ڤێرجینیا و مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە شوێنێک بووە کە تاوەکو ئێستا ئاشکرانەکراوە. 

سولەیمانی و موهەندیس چوونە نێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان و هاوڕێکانیان چوونە نێو ئۆتۆمبێلەکانی دیکە. بە ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چاودێرییان دەکردن و بەدوایان کەوتن تاوەکو لە فڕۆکەخانەکە چوونە دەرەوە. 

لەوێ، سیخوڕەکانی سەر زەوی، ناسنامەی نێو ئۆتۆمبێلەکانیان پشتڕاستکردەوە و دڵنیابوون لەوەی کە سولەیمانی و موهەندیس لەهەمان ئۆتۆمبێلن کە لە فڕۆکەخانەکە هاتوونەتە دەرەوە، زانیارییەکان لەلایەن سی ئای ئەی ـەوە درانە سێنتکۆم، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەدید لە قەتەر کە چاودێر و جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکە بووە. 

لەدوای دڵنیابوون، فەرمان درا بە ئەنجامدانی هێرشەکە، چوار مووشەک بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکان هاوێژران و سولەیمانی و موهەندیس و هەشت لە هاوڕێکانیان کوژران.