هەواڵ

مه‌سعود بارزانی سەرپەرشتی كۆنگرە دەكات

لەسەر فەرمانی مه‌سعود  بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەکی باڵا بۆ دیاریکردنی میکانزم و چۆنیتیی بەستنی 14مین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدەهێنێت و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییش جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کۆنگرەی پارتی سەردەمیانە دەبێت.

شەممەی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی مه‌سعود  بارزانی كۆ بووه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، بڕیار دراوه‌ پارتی له‌ ساڵی 2020 كۆنگرەی 14مینی ئه‌نجام بدات.

بەپێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر فەرمانی مه‌سعود  بارزانی، لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی پێک هێنراوە و لیژنەکە لە هەریەک لە (عزەدین بەرواری، جەعفەر ئیمینکی، مەحموود محەمەد، رێبوار یەڵدا، هێمن هەورامی، عەلی تەتەر و چنار سەعد عەبدوڵا) پێکهاتووە، ئەو لیژنەیە راسپێردراون بۆ دیاریکردنی میکانزمێکی بەڕێوەچوونی کۆنگرە و هاوشانی گۆڕانکارییەکانی سەردەم پەیڕەوی ناوخۆی پارتی رێک بخەنەوە، بە شێوەیەک، دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بڕەخسێنێت بۆ هاتنەپێشەوەی کادیری نوێ و گەنجان بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.