هەواڵ

به‌رپرسێكی ئێران: سێ ملیۆن دۆلار دەدەین بە هەرکەس ترەمپ بکوژێت

پەرلەمانتارێکی ئێرانی رایگەیاند، سێ ملیۆن دۆلاری کاش خەڵاتی هەرکەسێک دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکوژێت.

ئەحمەد حەمزە، پەرلەمانتاری ئێران لەسەر پارێزگای کرمان ئاماژەی بەوە کرد، قاسم سولەیمانی بە مردوویی زۆر ترسناکتر دەبێت بۆ ئەمریکا و گوتیشی "ئەمریکا بۆیە سولەیمانی کوشت چونکە ئەو پیلانی دانابوو ئەمریکییەکان بکوژێت".

ئەو پەرلەمانتارە بە ئاماژەکردن بۆ باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راشیگەیاندووە "ئایا باڵیۆزخانەکانتان لە ناوچەکە سەلامەت دەبن؟ ئەگەر باڵیۆزخانەکانتان پیلانی کوشتنی خەڵکە بێتاوانەکەمان دابنێن، ئایا رێگەپێدراوین کە وێرانیان بکەین؟ ئایا بنکە و ناوەندە سەربازییەکانتان لە ناوچەکە بۆ خێرن یان بۆ زیانگەیاندن؟ رێگەپێدراوین وێرانیان بکەین؟"

ئەحمەد حەمزە خەڵکی شاری کرمانە کە شوێنی لەدایکبوون و بەخاکسپاردنی قاسم سولەیمانییە. لە ماوەی رابردووشدا چەندین بەرپرسی ئێرانی هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە ئەمریکا کردووە.

رۆژی 03-01-2020 بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا، لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا هەریەکە لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکە کوژران، بەوهۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لووتکە، بەشێوەیەک تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لەیەکتری دەکەن.