هەواڵ

پۆمپیۆ: ئێران لە خراپترین دۆخدایە کە لەمێژودا هاوشێوەی نەبوە

 


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا لە خراپترین بارودۆخی خۆیدایەتی کە لەمێژودا هاوشێوەی نەبوە، دەشڵێت، "سیاسەتی زۆرترین فشار سەرکەوتو بو، توانی بە توندی بەڕوی ئێران بوەستێتەوە".

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی NPR-ی ئەمریکی رایگەیاند، "سیاسەتی زۆرترین فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر ئێراندا بەکاریهێناوە، وەک بەربەستێکی گەورە بەڕوی تاراندا وەستاوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی ئەو سیاسەتەوە ئێران ناتوانێت چیتر خەرجی ئەو لایەنگرانەی دابین بکات، کە لەناوچەکەدا بڵاویکردونەتەوە".

لەبارەی لێدوانی محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دەستبەرداربونی ئێران لە هەمو ئەو سنورانەی کە بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دانراوە، پۆمپیۆ وتی، "ئەو تەنها قسەی بێ بنەما دەکات". 

ساڵی 2018 ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە و دوبارە سزا ئابورییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لەبەرامبەردا ئێران بە پێنج هەنگاو پابەندییەکانی بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە کەمکردەوە و هۆشداریشیداوە، ئەگەر سزاکانی سەر ئێران لانەدرێت، بەتەواوەتی لە رێککەوتننامەکە دەکشێتەوە. 

پۆمپیۆ باسی لەوەشکرد، "واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی زۆرترین فشار بەسەر ئێراندا، تا ئەوکاتەی واز لە رەفتارە خراپەکارییەکانی دەهێنێت، ئەمریکا سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی چین و هۆنگکۆنگدا دەسەپێنێت کە کار لەگەڵ ئێراندا دەکەن".