هەواڵ

ئه‌یاد عەللاوی: بە مەرجێك پۆستی سەرۆك وەزیران قبووڵ دەكەم

محەمەد تۆفیق عەللاوی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق رایگەیاند كە بە مەرجێك پۆستەكە وەردەگرێت.

عەللاوی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی "ساڵی 2010 داوام لێ كرا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرم، بەڵام خۆم رەتم كردەوە. ئەمجارەش داوام لێ كراوە و بە مەرجێك قبووڵی دەكەم".

هەروەها نووسیویەتی "بە داخەوە هێشتا دوژمنانی وڵات تۆمەتی ناڕاستمان ئاراستە دەكەن لەبارەی پرەنسیپە نیشتمانی و عێراقیە رەسەنەكانمان، دروشمی ساختە بە هۆكاری نادیار لە دژی ئێمە بەرز دەكەنەوە".

كاندیدەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق نووسیویەتی هەموو ئەوانەی عەللاوی دەناسن، دەزانن سازش لە پرەنسیپەكانی و بەهاكانی ناكات بۆ خاتری پۆستێك كە بەسەردەچێت.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی ئێستاش چاوی لە پۆستی سەرۆك وەزیران نییە، بەڵام بەو مەرجە وەریدەگرێت كە بتوانێ رۆڵێكی سەرەكی هەبێت لە رزگاركردنی وڵاتەكەی لە داڕمان و وێرانبوون. 

عەللاوی تا ئێستا كاندیدێكی بەهێزی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراقە، ئەمەش دوای ئەوەی بە هۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو و ناچاركردنی عادل عەبدولمەهدی بە دەست لەكار كێشانەوە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە، حكوومەتی ئەم وڵاتە كەوتووەتە باری كاربەڕێكەرییەوە.