هەواڵ

به‌رپرسێكی‌ پارتی‌: هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌ جێبه‌جێكردنی‌ چاكسازی‌ نییه‌

به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێویست ناكات هیچ لایه‌نێك موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر پارتیدا بكات له‌ پرسی چاكسازیدا، چونكه‌ چاكسازی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نوێیه‌ و هیچ پاشه‌كشێیه‌كی تیادا ناكات.

به‌سام عه‌لی به‌رپرسی لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، پرسی چاكسازی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌رنامه‌كه‌یش هی تاكه‌ حزبێك نییه‌ تا موزایه‌ده‌ی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ پێ بكات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گوتی، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدارن له‌ حكوومه‌تدا ئه‌و به‌رنامه‌ی چاكسازییه‌یان قبووڵ كردووه‌.

به‌ گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی مه‌سروور بارزانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌ڵگرتووه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شداربووی حكوومه‌ت چاكسازییان ده‌ست پێ كردووه‌ و له‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازی ده‌ستیان پێ كردوه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی باشی تیادا به‌دی هاتووه‌ و ده‌ستێكی چاكسازی گه‌وره‌یه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێسته‌ هه‌وڵێكی‌ ڕژد هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ ناو حكوومه‌ت چاكسازی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ده‌ست پێ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی‌ كه‌ پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان ده‌ری‌ كردبوو.