هەواڵ

سۆران عومەر و پەرلەمانتارانی کۆمەڵ خۆیان لە باسکردنی ڕێگەگرتن لە گەیشتنی غازی هەولێر دەدزنەوە

لە کاتێکدا بەهۆی ڕێگریکردنی هێزی چەکداریی سەر بە چەند بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان کێشەی بێ غازییان هەیە، سۆران عومەر و چەند پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە بیانووی جیاجیا خۆیان لە بابەتەکە دەدزنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٠، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر ڕای گەیاند کە هەرچەندە بڕیار بوو کێشەی غاز چارەسەر ببێت، بەڵام ”هێزێکی چەکداری ناسراو“ لە سنووری چەمچەماڵ، خاوەنی ئەو کۆمپانیایەیان ڕفاندووە کە بڕیار بوو غاز بگەیەنێتە هەولێر و ڕێگەشیان لە پرۆسەکە گرتووە.

لەمبارەیەوە بەشێکی زۆری لایەنەکان و پەرلەمانتاران و کەسایەتییە سیاسییەکان لێدوان و هەڵوێستیان نواندووە. لەم چوارچێوەیەشدا (باسنیوز) بەلایەوە گرنگ بوو کە هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانی لە هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق لەسەر ڕێگریکردن لە گەیشتنی بەشە غازی هەولێر و دهۆک لە لایەن هێزەکانی سەر بە مەحموود سەنگاوی و برایەکی لاهوور جەنگی بزانێت، هەرچەندە پەیوەندییەکی بەهێز و نیمچە تایبەت لە نێوان کۆمەڵ و لاهوور جەنگیدا هەیە.

بۆ ئەم مەبەستە، (باسنیوز) پەیوەندی بە هەریەکە لە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، عەبدولستار مەجید و سۆران عومەر، ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانەوە کرد، بەڵام هەریەکەی بە بیانووێک ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەبارەی ڕێگریکردنەکە بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پەرلەمانتارانەی کۆمەڵی ئیسلامی بەردەوام بە ناوی هەڵوێستوەرگرتنەوە، دژی هەر ڕووداوێکی (راست و ناڕاست) قسە دەکەن کە لە هەولێر و دهۆکدا ڕوو دەدات.