وتار

تا ژیانی ڕۆحیت هەژارتر بێت خەمبارتر دەبیت

حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن

دوو جۆر گوناهـ هەن، یەکێکیان دژی خەڵکە و ئەوەی تریان دژی خۆتە. یەکێکیان زادەی ئەوەیە، ئینسان ڕێز لە ڕۆحی خوا ناگرێت کە لە ناخی هەموو کەسێکدا هەیە، ئەوەی تریان لەبەر ئەوەیە، ئینسان ڕێز لە ڕۆحی خوا ناگرێت کە لە ناخی خۆیدا هەیە. ئەگەر خوازیاری بە هێوری و بە ئازادی بژیت، دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە ببە کە بە نەبوونیشیان دەتوانیت درێژە بە ژیان بدەیت. ئەوەی جەستە پێویستی پێیەتی، بە ئاسانی پەیدا دەکرێت، بەڵام ئەوەی پێویستی پێی نییە، پەیداکردنی زەحمەتە.

ئەگەر تەندروست بیت، ئەو نان و ئاوەی دەیخۆیت، لەو شۆربا و شەرابە خۆشترە دەوڵەمەندێک دەیخوات، لەسەر کا بخەویت، لە جێخەوی نەرمونیانی دەوڵەمەند خۆشترە، جلێکی زبر بپۆشیت، لە پۆشاکی ئاوریشمینی دەوڵەمەند ئارامیبەخشترە. ئەگەر خۆراکێکی زۆری دەرخوارد بدەیت، جەستەت بێهێز دەبێت، لەنێوان ئەوەی نازی بدەیتێ یان ماندووی بکەیت، دووەمیان بۆ جەستەت باشترە. ئەگەر جەستەت ماندوو بکەیت، زوو پێی دەزانیت، بەڵام ئەگەر نازی بدەیتێ، درەنگ دەزانیت چ کارێکی خراپت کردووە. سوکرات دەیگوت: زۆرخۆری هەر زیانی بۆ جەستە نییە، زیانی بۆ ڕۆحیش هەیە.

ئەوەیش بۆ خۆی پارادۆکسە، ئینسان خۆی بە ڕۆشنفیکر بزانێت و زێدەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوەدا بکات و پۆشاکی گرانبەها جێی بایەخی بێت. بۆ ئەوەی جەستە بە زیندوویی بمێنێتەوە، ماندووبوونێکی زۆری ناوێت، بەڵام تێرکردنی ئارەزووەکانی، زەحمەتێکی زۆری پێ دەوێت. پەیداکردنی پۆشاک و خۆراک کارێکی ئاسانە، بەڵام دابینکردنی هەموو خواستەکانی ئینسان، وەک مەحاڵ وایە.

منداڵ کە پێویستی بە شتێک دەبێت، دەگری، هەر کە بۆیان دابین کرد، هێور دەبێتەوە، بەڵام گەورە، هەموو ژیانی لە پێناوی جەستەیدا، نەک ڕۆحیدا بەفێڕۆ دەدات و هەر هێور نابێتەوە، ئاخر هەمیشە وا هەست دەکات، پێویستی بە شتی تر و بە زیاترە. پێویستە ئینسان لە ئاژەڵەوە فێر ببێت، چۆن وریای جەستەی دەبێت، ئەوەندە بخوات کە پێویستی پێیەتی و هێور ببێتەوە. ئەگەر هەر ئەو کاتە نان بخوات کە برسییە و خۆراکی سادە بخوات، هەم جەستەی لە نەخۆشی دەپاریزێت و هەم دەتوانێت سنوورێک بۆ ئارەزووەکانی دابنێت.

(سوپاسی خوا دەکەم کە وای کردووە، شتی پێویستمان بە ئاسانی دەست بکەوێت و شتی ناپێویستمان بە زەحمەت پێ پەیدا بکرێت.) ئەم گوتەیە بە پێوەندیی لەگەڵ خواردندا، تەواو دروستە، لە زۆر بواردا هەژار دەخوازێت وەک دەوڵەمەندی بۆ بلوێت، بەڵام لە خواردندا هەقە دەوڵەمەند بخوازێت، وەک هەژاری بۆ بلوێت. کەمن ئەوانەی لە برساندا دەمرن، بەڵام زۆرن ئەوانەی لە ئەنجامی زۆرخۆرییەوە دەمرن. پێویستە بۆ ئەوە بخۆین کە بژین، نەک بژین بۆ ئەوەی بخۆین.

وەک چۆن هەنووکە پێمان سەیرە، لە هەندێک شوێن، ئینسان گۆشتی کەسانی مردوو دەخوات، ڕۆژێکیش دادێت پێمان سەیر دەبێت، ئینسان گۆشتی ئاژەڵ بخوات. مانگا خۆراک و مەڕ پۆشاکت پێ دەبەخشێت، بە چی پادداشتیان دەدەیەوە؟ بەوەی سەریان دەبڕیت و گۆشتەکەیان دەخۆیت! سەعدیی شیرازی گوتوویەتی: بۆ بێدەنگکردنی برسییەتییەکەت، خۆراک بخۆ، نەک بۆ ئەوەی چێژی لێ ببینیت. ڕێنوێنییەکە کە دەڵێت: مەکوژە! هەر مەبەستی لە ئینسان نییە، مەبەستی هەموو زیندەوەرێکە. شۆپنهاوەر دەڵێت: ئەوی لەگەڵ ئاژەڵدا توندوتیژ بێت، ناتوانێت ئینسانێکی چاک بێت.

گەورەشاعیری ڕۆمانتیکی فەرەنسایی لامارتین (١٧٩٠ - ١٨٦٩) دەڵێت: (دەست بڵند مەکەوە لە برای خۆت! خوێنی هیج زیندەوەرێک مەڕێژە! نە هی ئینسان، نە هی هیچ ئاژەڵێکی ماڵی، یان کێوی، نە هی هیچ باڵندەیەک. دەنگێکی خوایی کە لە قوڵاییی ڕۆحتەوە هەڵدەقوڵێت، لێ ناگەڕێت خوێن بڕێژیت، ئاخر خوێن ژیانە و ژیانیش دووبارە نابێتەوە.) ئەو خۆشییەی ئینسان هەستی پێ دەکات، کاتێک بە چاوی سۆزەوە سەرنجی ئاژەڵێک دەدات، زۆر لەو خۆشییە زیاترە کە ڕاوکردنی ئاژەڵێک و خواردنی گۆشتەکەی پێی دەبەخشێت.

کە کەسێک زیاد لە پێویستیی خۆی شتومەکی هەبوو، ئەوا بێ شک کەسانێک هەن، موحتاجن. پۆشاک بەرلەوەی لەگەڵ جەستەدا بگونجێت، پێویستە لەگەڵ ویژداندا بگونجێت. بۆ ئەوەی نازی جەستەت هەڵبگریت، ناچاریت ئازاری ڕۆحت بدەیت. یەکەمین دەرسی حیکمەت ئەوەیە، ئینسان خۆی بناسێت، چونکە ئەوی خۆی نەناسێت، ناتوانێت ئەوانی دیکە بناسێت، یەکەم ڕێسای هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و کۆمەککردنیان، قایلبوونە بە کەم، ئاخر ئەوی بە کەم قایل نەبێت، دەستی یارمەتی بۆ کەس درێژ ناکات. وەک دووکەڵ چۆن هەنگ ناچار دەکات شانەکەی بەجێ بهێڵێت، زۆرخۆرییش هێزە ڕۆحییەکانی ئینسان، لە جەستەی وەدەر دەنێت. ئەوە کارەسات نییە، جەستە گیرۆدەی دەستی چالاکییەکانی ڕۆح بێت، کارەسات ئەوەیە، بەهادارترین شت لە ئینساندا کە ڕۆحە، گیرۆدەی دەستی ئارەزووەکانی جەستە بێت. ئازاد کەسێکە بەسەر ئارەزووەکانی جەستەیدا زاڵ بێت.

ئەگەر ئینسان لە پێناوی جەستەیدا بژی، نەک ڕۆحی، وەک مەلێکی کۆچەری وایە، کە لەبری ئەوەی بفڕێت، بە پێ کۆچ بکات. سوکرات دەڵێت: پێتان وایە بەختەوەری زادەی خۆراکی خۆش و پۆشاکی گرانبەهایە، بەڵام بەختەوەری ئەوەیە، ئارەزووی ئەو شتانە نەکەیت. ئینسان بۆ ئەوەی لە بەختەوەری نزیک ببێتەوە، دەبێت خۆی لەسەر ئەوە ڕابهێنیت کە پێویستی بە شتومەکی زۆر نەبێت. تا داخوازییەکانی جەستەت لە خۆراک و پۆشاک و ڕابواردن کەمتر بکەیەوە، ئازادتر دەبیت. قەت کەس لەوە پەشیمان نەبووەتەوە کە ژیانێکی سادە ژیاوە. وەک چۆن تا زیاتر بخۆیت، زیاتر گەدەت ئازار دەدەیت و کەمتر چێژ لە خۆراک دەبینیت، ئەگەر تا زیاتریش خەریکی ڕابواردن بیت، کەمتر هەست بە بەختەوەری دەکەیت. زیاتر بە ڕۆح بژی، نەک بە جەستە، ئاخر تا ژیانی ڕۆحیت هەژارتر بێت، خەمبارتر دەبیت.

زۆرخۆری ژیان خاپوور دەکات، بەڵام زێدەڕۆیی لە سێکسدا مەترسیدارترە. ئینسان تا کەمتر ئالوودەی ئەم یان ئەو شت بێت، بۆ ژیانی ڕۆحیی باشترە. ئەوە خۆکوژییە، ئەگەر ئینسان واز لە خواردن بهێنێت، بەڵام بە وازهێنان لە سێکس ژیانی هەر بەردەوام دەبێت. ئەوە خۆ فریودانە، ئەگەر پێمان وابێت، بە هاوسەرگیری و وەچەخستنەوە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەین، خزمەت بە مرۆڤایەتی ئەوەیە، کۆمەکی ئەو منداڵانە بکەین کە هەژاری و برسییەتی تەنگی پێ هەڵچنیون.

ئینسان ئەگەر ویژدانی زیندوو بێت، نە بیر لە سێکس دەکاتەوە، نە باسی دەکات، ئەم هەستە کۆمەکی دەکات، تا تووشی گوناهی زینا نەبێت. ئەڤینی ڕۆحی: خۆشویستنی خوا و خزم و کەسوکارە، خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد، هاواری جەستەیە، ڕۆحی نییە. ڕۆحی خوا لەنێو هەموو ئینسانێکدا دەژی، لەنێو ژن و مێردیشدا، ئەوە گوناهێکی گەورەیە، وەک سەرچاوەی چێژ لێ وەرگرتن، مامەڵە لەگەڵ هەڵگری ڕۆحی خوادا بکەین. پێویستە پیاو هەموو ژنێک بە خوشکی خۆی بزانێت و ژنیش وەک برای خۆی سەرنجی هەموو پیاوێک بدات. ئەوە یاسای خوایە کە خوا و هەر هەموو خەڵکمان خۆش بوێت، لە پێوەندیی سێکسیدا، پیاو تاقە ژنێک و ژن تاقە پیاوێکی خۆش دەوێت، کەواتە خۆشویستنی سێکسی، لێ ناگەڕێت، ئینسان یاسای خوا جێبەجێ بکات.

بوودایییەکان پێیان وایە، ئەگەر ئالوودەی سێکس بیت، وەک منداڵێکت لێ دێت، کە بەبێ مەمکی دایکی هەڵناکات. کەسێک لەبن هەژموونی چێژی سێکسدا بێت، وەکوو کەروێشکێکی لێ دێت، بە تەڵەوە بووبێت. پەپوولە کە لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، دەرک بەوە ناکات دەسووتێت، ماسی کە پەلاماری چەشی قولاپەکە دەدات، نازانیت بەوە کۆتایی بە ژیانی دێت، بەڵام ئینسان دەزانێت کە بە تۆڕی سێکسەوە دەبێت، ئیدی دەربازبوونی مەحاڵە، کەچی خۆی لێ ناپارێزێت.

لە نێو خەڵکانی دەوڵەمەنددا وا باوە، پێوەندیی سێکسی بۆ تەنێکی دروست، پێویستییە و چونکە هەمیشە ئیمکانی هاوسەرگیری لە ئارادا نییە، بۆیە پێوەندیی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری، کە پارەیەکی کەمی تێ دەچێت، ئاسایییە. ناکرێت ئینسانیش وەک ئاژەڵ، لەڕێی بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە هەوڵی وەچە خستنەوە بدات، پێویستە ئینسان لە هەموو هەلومەرجێکدا بە گژ ئارەزووەکانیدا بچێتەوە و هەوڵی بۆ ئەوە بێت، بە پاکژی بمێنێتەوە. ژن و مێردیش دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بن، خۆیان لە قەفەزی ئارەزووی سێکسی ڕزگار بکەن.

چەکی سەرەکی کە بە هۆیەوە بە گژ ئارەزووی سێکسدا دەچینەوە، هۆشیاریمانە بەوەی کە بەرلەوەی جەستەیی بین، ڕۆحانیین. ئەگەر ئەو هۆشیارییە شک ببەین، وەک خەسڵەتێکی ئاژەڵی، سەرنجی ئارەزووی سێکسکردن دەدەین. خەبات دژی ئارەزووی سێکس، کارێکی قورسە، ئاخر ئینسان بە گژ دوژمنێکی بەهێزدا دەچێتەوە و نابێت چاوەڕێی سەرکەوتنێکی بەپەلە بێت. گرنگ ئەوەیە نائومێد نەبین، ئەوە نییە منداڵ بەرلەوەی فێری ڕۆییشتن ببێت، سەدان جار دەکەوێت. هەموو ئارەزوویەک، فیکرێک دەبینێتەوە پشتگیریی لێ بکات، بەڵام هیچ ئارەزوویەک هێندەی سێکس داکۆکیکاری نییە.

ئینسان وەک چۆن بۆ خواردن دەبێت دەرس لە ئاژەڵ وەربگرێت، کە تێربوو دەست بکێشێتەوە، بۆ سێکسکردنیش دەبێت چاو لە ئاژەڵ بکات، ئاخر ئاژەڵ هەر کە هەستی کرد دووگیانە، ئیتر مەگەر بە دەگمەن، ئەگەرنا توخنی سێکس ناکەوێت. بۆ ئەوەی بە ئامانج بگەیت، دەبێت بەرەو ئامانج بەڕێوە بیت، بۆ ئەوەی هاوسەرگیری درێژەی هەبێت، دەبێت ژن و مێرد دڵسۆزی یەکدی بن و بەرەو پاکیزەیی بەڕێوە بن. ئەوانە بە هەڵەدا چوون کە پێیان وایە، هاوسەرگیری لە ناپاکیکردن دەیانپارێزێت و ئیدی پێویستیان بەوە نابێت، خۆیان بەرزەفت بکەن. ئەگەر پیاو پێی وابێت پێوەندیی سێکسی، با لە چوارچێوەی هاوسەرگیرییشدا بێت، سەرچاوە گەورەکەی چێژوەرگرتنە، زوو یان درەنگ ناپاکی لە ژنەکەی دەکات. تەنیا ئەو پێوەندییەی مەبەست لێی نەوە خستنەوە بێت، هاوسەرگیرییەکی ڕاستەقینەیە.

ئەگەر وای بۆ بچیت، تەنیا هاوسەرگیری بەسە بۆ ئەوەی بە پاکژی بمێنیتەوە، لەو حاڵەتەدا هاوسەرگیری نەک نابێتە بەربەست لەبەردەم هەڵچوونی کڵپەی ئاگری ئارەزووکردنی سێکسدا، بەڵکوو دەبێتە چیلکەوچەوێڵ بۆ ئەو ئاگرە. جێی داخە زۆرینە، هاوسەرگیری بە چارەسەری سەرەڕۆییی سێکسی دەزانن، هەرچەندە وا نییە. ئاژەڵان لەگەڵ یەکدیدا جووت نابن، ئەگەر ئیمکانی خستنەوەی وەچە لە ئارادا نەبێت، بەڵام پیاوان بە گشتی لە پێناوی چێژدا لەگەڵ ژناندا جووت دەبن.
*
(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.