وتار

باگردێنەکەی ماڵی نەنکم

کە منداڵ بووین، هەندێ وشەیان بە گوێماندا دەچرپاند، هیچی لێ تێ نەدەگەیشتین، بەڵام لەدوای گەورەکانەوە دەمانگوتنەوە و ئێستاش بووەتە وێردی سەر زمانمان، هەر دەیڵێین و دەیڵێینەوە، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، یان ئەوانەی دەوروبەرمان لێمان تێ بگەن. گەلێ جار هەندێ وشە یان ڕسەتە دەڵێم، منداڵەکانم لێم تێ ناگەن، دەبێ بۆیان ڕوون بکەمەوە، ئەوانیش بە سەرسوڕمانەوە گوێم لێ دەگرن، کەچی کە تێ دەگەن زۆر بە لایانەوە ئاساییە، بۆیە ئەو کاتە تێ دەگەم، کە هەر قۆناغە و دەستەواژەی خۆی هەیە، ژیانی جیاوازی خۆی هەیە، هۆشیاری و تێگەیشتنی خۆی هەیە. زەمەن وەک شەپۆلی ئاوە، گەلێ جار تووڕەیە و هەندێ وشە و نەریت لەگەڵ خۆی دەبا و تێکەڵی دەریای دەکات و ئیدی نایانبینیتەوە. هەندێک جاری تریش کۆمەڵێک وردەواڵە لە جوانییەکانی نەریت و زمان، لە کەناراوەکانی ژیان بەجێ دەهێڵێ، چەندەها کەسیش بە رێکەوت، کە دەگەنە کەناراوەکان رەنگە وەک مراورییە جێماوەکان، یان گوێچەکەماسی هەڵی بگرنەوە و لەنێو ڕەفەی ماڵەکانیاندا بە گرنگییەوە بیپارێزن، بۆ من ئەو دەستەواژانە ئاوا بوون. بۆ نموونە، کە منداڵەکان بزێوییان دەکرد، دەمبیست باوکان یان دایکان بە دەسەتەواژەی (شەولەبان) دەیانترساندن، ئێمەش بە هەمان شێوە بەترسەوە خۆمان لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا لوول دەدا و سەرمان کز دەکرد، هەر ئەوەندە کە گوێمان لە وشەی شەو دەبوو، ترس دای دەگرتین. خۆ نەشمان دەپرسی شەولەبان چییە و بۆچی منداڵ لێی دەترسێ؟ تا گەورە بووین و تێ گەیشتین شەولەبان واتە (باگردێن)ە، خۆ ئەوە بە باگردێن ئێمەیان ترساندووە، ئاخر باگردێن چ پەیوەندییەکی بە بزێویی منداڵەوە هەیە؟


ماڵی نەنکم لە خانوویەکدا بوون لە گەڕەکی سابوونکەران، خانووەکەیان دوو نهۆم بوو، سەرەوە و خوارەوە دوو ژوور لەسەر هەیوانێک، بە محەجەرەی سپیی جوان دەوری هەیوانەکەی سەرەوە گیرابوو، بە پلیکانە بۆی سەردەکەوتی، لە خواریشەوە بە هەمان شێوە، بەڵام هەیوانەکەی خوارەوە بە هیچ نەگیرابوو، دەیڕوانی بەسەر حەوشەکەدا و حەمام و سەرئاو هەر لە حەوشەکەدا بوو و لەو بەریشەوە ژوور و هەیوانێکی بچووک بۆ دەرگای حەوشە. خانووی جاران پێیان دەگوت (شەرقی) هەموو ئاو و دەستشۆر و حەمام لەدەرەوە بوو، هیچ کات بۆنی ناخۆش نەدەهاتە ناو ژوورەکانەوە. بە بیرم دێت زستانان پاڵتۆیەکی گەورەی مشەمای سپی بە کڵاوەوە لە هەیوانەکەی ماڵی نەنکم هەڵدەواسرا، کە دەمانپرسی: نەنە ئەوە چییە بۆ وا گەورەیە؟ دەیگوت ئەوە هی بابە حاجیتانە، سەربانی پێ ئەگێڕێ. نەمان دەزانی ئەوە مانای چی بوو، بۆ یەکەم جار شەوێک، کە لە ماڵی نەنکم مامەوە، بارانێکی بەخوڕ دەباری، بینیم نەنکم و باپیرم کەوتنە قسەکردن: (مەچۆ سەرمایە و ئەم جۆرە قسانە) من چوومە ناو پەنجەرەکەوە، بینیم باپیرم پاڵتۆ مشەماکەی لەبەرکرد و دەستکێشەکانی کردە دەستی و بە پەیژەکەدا سەرکەوتە سەرەوە، من و نەنکم لە پەنجەرەکەوە سەیرمان دەکرد تا گەیشەتە سەرەوەی سەربانەکە، نەنکم هەر دوعای دەکرد، باپیرم پەتی باگردێنەکەی گرت بەدەستییەوە و کەوتە هاتوچۆکردن، بە پەتەکە باگردێنەکەی بە هەموو هێزێکی خۆیەوە لەم سەری سەربانەکە بۆ ئەو سەری ڕادەکێشا، بارانی بەخوڕ بەردەوام بوو، نەنکیشم هەر ئایەتی دەخوێند و سەیری دەکرد و جار جار بە فەقیانەکەی هەڵـمی سەر پەنجەرەکەی دەسڕی، منیش تاوێک تاس دەیبرمەوە و تاوێک پرسیاری سەیر سەیرم لە نەنکم دەکرد و ئەویش لەنێوان فووی دوعاکانیدا وەڵامی دەدامەوە.

گه‌زیزه‌