هەواڵ

نێچیرڤان بارزانی یاسای چاكسازیی واژوو كرد

دواجار سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یاسای چاكسازی په‌سند كرد، به‌مه‌ش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت رێنمایی بۆ جێبه‌جێ كردنی یاسایه‌كه‌ دەربکات. گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، جێبه‌جێ كردنی یاسایه‌كه‌ پێویستی به‌ 90 رۆژ هه‌یه‌.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یاسای چاكسازیی په‌سند كرد كه‌ له‌ 20ـی كانوونی دووه‌می رابردوو، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانەوە ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرابوو.

یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، یه‌كێك بوو له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2019 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان کرابوو، دوای گفتوگۆیه‌كی زۆر، له‌ رۆژی پێنجشه‌م 16ـی كانوونی دووه‌م، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگی 89 ئه‌ندام، یاسایه‌كه‌ی په‌سند كرد.

یاسایه‌كه‌ له‌ 20 ماده‌ پێكهاتووه‌، به‌ په‌سند كردنیشی پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستانی، راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

جووتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر رای گه‌یاندبوو، جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی پێویستی به‌ 90 رۆژ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاره‌ ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ پێك بهێنێت.