هەواڵى ناوخۆ

هێزه‌كانی ئەمەریكا لە كوردستان جێگیر دەكرێن

له‌سه‌روبه‌ندی پێشڤه‌چوونه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دۆخی عێراق و ده‌ركردنی بڕیاری ڕه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی هه‌ردوولا تێی كه‌وتوون، وه‌ك چاره‌سه‌رێكی مام ناوه‌ند، واشنتن و به‌غدایش هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن، تا له‌ قۆناغی داهاتوو سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان بگوازرێنه‌وه‌.

د.ئیریك بۆردنكیرشه‌ر پسپۆر و توێژه‌ر له‌ ناوه‌نگی گه‌شه‌پێدانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی لۆس ئه‌نجلس و توێژه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتن له‌ بابه‌تێكدا باس له‌ پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان واشنتن و به‌غدا ده‌كات و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌و خواسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دروستبووه‌، بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، هه‌ردوولا له‌ هه‌ماهه‌نگیدان، تا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كانی تری عێراق، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێ بكشێنه‌وه‌.

زیاتر گوتی، وه‌ك چاره‌سه‌ری مام ناوه‌ند، كه‌ هه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌ و هه‌میش بمێننه‌وه‌، هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رجه‌میان بۆ هه‌رێمی كوردستان بگوازرێنه‌وه‌.