هەواڵى ناوخۆ

لاهوور جەنگی لە فرۆشتنی خاکەوە بۆ دزینی غازی ماڵان

لاهوور جەنگی، یەکێک لە سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە بە ڕادەستکردنی کەرکووک بە هێز و میلیشیاکانی عێراق تۆمەتبارن، کارە بازرگانییەکانی خۆی فراوان دەکات و پێداگری لەوە دەکات کە بابەتی فرۆشتنی غازی ماڵانیش لە دەست خۆی بهێڵێتەوە.

لاهوور جەنگی، جارێکی دیکە خۆی دەکاتەوە بە چەقی ململانێکان بەهۆی پێداگرییە بەرژەوەندیخوازییەکەی لەسەر قۆرخکردنی دابینکردنی بەشە غازی ماڵان بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.

ئەم کارەی لاهوور جەنگی کە لە ڕێگەی پۆڵادی برای و بە هاوبەشی لەگەڵ مەحموود سەنگاوی، یەکێک لە بەرپرسانی یەکێتی کە بە چەکداریکردن و ڕێزنەگرتنی لە یاساکان ناسراوە، نیگەرانییەکی توندی تەنانەت لەنێو خودی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دروست کردووە.

پێشتر لاهوور جەنگی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کە سەرجەمیان بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسراون، کەرکووک و ناوچەیەکی فراوانی کوردستانیان ڕادەستی هێز و میلیشیاکانی عێراق کرد کە تاوەکوو ئێستاش نازانن چۆن ئەم پەڵە ڕەشە پەردەپۆش بکەن و هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەگەر وشەی خیانەت لە ئەوپەڕی ئەمریکای باشووریش بەکار بێت، گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە لاهوور جەنگیشەوە، بەخۆیان تێدەگەن.

پاش ڕێگرییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی لاهوور جەنگی و براکەی و مەحموود سەنگاوی لە هاتنی بەشە غازی هەولێر و دهۆک، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەکارهێنەران ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە ئاخۆ هەنگاوی لاهوور جەنگی لە دوای فرۆشتنی کەرکووک، فرۆشتنی غازی ماڵان دەبێت؟

لەمبارەیەوە عەبدوڵای کوێخا موبارەک، سەرکردەی پێشووی گۆڕان لە وتارێکدا نووسیویەتی، کۆمپانیای پێشووی دابینکردنی غاز، “دەڵاڵی ماڵی جەنگی”ی برای تاڵەبانییە و “ڕۆژانەش دزییەکی زۆریان لەو غازە شلەی ماڵاندا کردووە”. لە بەرامبەریشدا لاهوور جەنگی هێزەکەی کە ناوی ناوە دژە تیرۆر، بۆ پاراستنی کۆمپانیاکە بەکار هێناوە.

ئەم کارانەی لاهوور جەنگی، لەنێو خودی یەکێتیش نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە، لەمبارەیەوە ناوەندی وەستانەوەی یەکێتی (ناوک) کە گرووپێکی تازەی حزبەکەیە، بڵاوی کردووەتەوە کە ئەم کێشەی غازە، پەیوەندی بە شەڕی باڵەکانی یەکێتییەوە هەیە.

هاوکات قادر حەسەن، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیگەرانی لەم کارە نیشان دا و بەدووری نەزانی کە هەوڵێک بێت بۆ تێکدانی دۆخەکە و ئاژاوەنانەوە لە کوردستان.