هەواڵى ناوخۆ

نووری مالیكی چاوەڕێی كردنەوەی دەرگەی هەولێرە لەسەری

نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق داوا دەكات دەرگەی هەولێری لەسەر بكرێتەوە و كۆتا بە ناكۆكییەكانی بهێنێت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، بەڵام پارتی لەسەر ڕووداوەكانی ڕابردوو لەو سەركردە سیاسییە نیگەرانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی باوەڕ پێكراوەوە دەستکەوتوە، نووری مالیكی داوای كردووە دەرگەی هەولێری لەسەر بكرێتەوە و بە سەردانێك ناكۆكییەكان بڕەوێنێتەوە، ئەو داوایەشی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوەی داواكەی بگەیەنێتە سەرۆک بارزانی و بتوانێ سەردانی هەولێر بكات، بەڵام تا ئێستە پارتی وەڵامی مالیكی نەداوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ كاتێك نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تێكچوون تا گەیشتە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن مالیكییەوە، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی لە هەرێم و پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران. دواتر هەرێم بەشێك بوو لەو لایەنەی كاری بۆ لابردنی مالیكی كرد و لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، بەهۆی ئەو ڕووداوانەیشەوە ئێستە پارتی لە مالیكی نیگەرانە.

نووری مالیكی لە سەروەختی دروستبوونی فشار لەسەری بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكوومەت، پەنای بۆ كورد و هەولێر هێنایەوە، بەڵام ئەوكات هەولێر دژی مانەوەی مالیكی بوو لە پۆستەكەی بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی بەسەر هەرێمدا هێنابووی.

سەرچاوەیەكی ناو پارتی ڕایگەیاند، پارتی تا ئێستە وەڵامی مالیكی نەداوەتەوە و هێشتا نیگەرانە لە هەڵوێستەكانی پێشووی، بەڵام بە دووری نەزانی دوای پێكهێنانی حكوومەت ئەو سەردانە ڕێك بخرێت و مالیكی سەردانی هەولێر بكات.

نووری مالیكی و هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی لە هەولێر، لە كاتێكدایە كە ئێستە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لە هەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێراقدان.

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، پارتی پشتیوانی لە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكات وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، چونكە كەسێكە بە باشی لە دۆخی عێراق تێدەگات.