هەواڵى ناوخۆ

مەحمود سەنگاوی سەربازگەیەك لە كەلار دروست دەكات

سه‌رباری ناڕه‌زایی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، مه‌حموود سه‌نگاوی باڵه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌كی به‌ناوی هاوكاری بۆ فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان دروست كرد، هاوكات بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ پاساوه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ ناڕاست ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بانگهێشتی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین.

رزگار محه‌مه‌د بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی گه‌رمیان و لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ نووسراومان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێر كردووه‌ له‌باره‌ی هۆكار و چۆنیه‌تیی دروستكردنی باڵه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ به‌رانبه‌ر زانكۆی گه‌رمیان، له‌كاتێكدا شوێنی میحوه‌ر و باره‌گای سه‌ربازی ده‌بێت له‌ سنووری كوڵه‌جۆ بێت یان خانه‌قین، نه‌ك له‌ كه‌لار كه‌ ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، وه‌ڵاممان دراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ ئه‌و باڵه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌ به‌كار دێت بۆ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان، ئه‌وه‌ راست نییه‌، چونكه‌ فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان له‌ گه‌رمیان به‌تایبه‌ت له‌ كه‌لار نانشینه‌وه‌ و هه‌ڵناستن بۆ ئه‌نجامدانی هیچ بۆردمانێكی داعش له‌ سنووری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێ، خه‌ڵكی گه‌رمیان و چالاكانی مه‌ده‌نی و بگره‌ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانیش ناڕازی بوون له‌ دروستكردنی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك پێشان دراوه‌ گوایه‌ لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان رازی بوون كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ راست نازانین.