هەواڵ

رۆژنامەیەكی توركی: ئەمریكا دەوڵەت بۆ كورد دروست دەكات

ڕۆژنامەیەكی توركیا لە زاری سەرۆكی پێشووی ژووری هەواڵگریی وڵاتەكەی گواستەوە كە ئەمریكا بە پلانێك دەیەوێ عێراق بكاتە سێ لەتەوە و دەوڵەت بۆ كورد دروست بكات.

ڕۆژنامەی “یەنی شاغ”ی توركی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە لەبارەی پلانی داهاتووی ئەمریكا و ئاماژەی بە بۆچوونێكی ئیسماعیل حەقی سەرۆكی پێشووی ژووری هەواڵگریی توركیا داوە كە گوتوویەتی ئەمریكا پلانێكی نوێی هەیە بۆ دابەشكردنی عێراق بەسەر سێ دەوڵەتدا، ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندنی كیانی نوێوە ئەنجام دەدات.

ڕۆژنامەكە پێیوایە ئەمریكا دەیەوێ لە سنووری پارێزگای ئەنبار بە هاوكاریی سعوودیە دەوڵەتێك دروست بكات، هەروەها ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستانیش بخاتە سەر هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوردی لێ دروست بكات. ئەو ناوچەیەی دەشمێنێتەوە ببێتە عێراقی شیعەكان.

بەرپرسە هەواڵگرییەكەی پێشووی توركیا نیگەرانی لەوە دەربڕیوە كە ئەمریكا بە نیازە بەم هەنگاوەی، دەوڵەتێكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان و بەشێكی رۆژئاوای كوردستان دروست بكات و خۆی بیانپارێزێت.

دەشڵێ بەم ڕێگەیەوە ئەمریكا، ئەورووپا و رووسیا ڕێگە لە بەهێزبوونی توركیا دەگرن و بەردەوام هەوڵی بێزاركردنی دەدەن، بۆیە لە دوا هەنگاویشدا ئەمریكا باسی لە جێگیركردنی هێزێكی ناتۆ كردووە لە عێراق، مەبەستی لەم هەنگاوەش جێبەجێكردنی نەخشەی لەت لەتكردنی عێراقە.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە كاتێكدایە بەر لە دوو رۆژ، پەیمانگەی واشنتۆن لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە گرنگی نزیكبوونەوەی زیاتری ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و جێگیركردنی هێزەكانی لەم سنوورە كردبوو، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان لە عێراقیش جیابووەوە، ئەم هێزە بتوانن بیپارێزن.