هەواڵى ناوخۆ

ئەو تاوانە گەورەیەی كە دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی و یەكێتی پەردەپۆشیان كرد ، بەڵگەكانی تاوان ریسەكانیان لێ كردە خوری

بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی سەرلەنوێ بکرێتەوە و ئاشکرای کرد کە گومان لە ڕووداوی کوژرانیان هەیە.

جەبار ئەحمەد لە پرێس کۆنفرانسێکدا ، بەڕیوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە گومان لە ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی هەیە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سلێمانی پەلەیان کردووە لە بڕیارەکەیان بە داخستنی دۆسیەکە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چوار قەوان هەن لە ڕووداوەکەدا دیار نین و گومانیان لەسەر هەیە، بۆیە ”دەبووایە داواکاری گشتی تانە لە بڕیارەکانی تایبەت بە کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بدەن“.

گوتیشی: ”گومان هەیە کەسی دیکەش لە کەیسەکەدا هەبێت، لەوانەشە کە هەمان ئەنجاممی پێشوو بدات، بەڵام ئێمە داوا دەکەین کە دەست بە لێکۆڵینەوەکان بکرێتەوە“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی گرووپێکی نێو یەکێتی دەکرد، لە سلێمانییەوە کەناڵی (NRT) هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاو کردەوە، هەر ئەوکاتە ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ”تیرۆرکردن“ ناوی هێنا و ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد، بەڵام دواتر دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی چەندان هەوڵیان دا تاوەکوو سەرەنجام ئامانج بابانییان بە بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی و خۆیشی ناساند.

هێشتا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گومانیان لەو ئەنجامانە هەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەبارەی کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاویان کردووەتەوە.