هەواڵى ناوخۆ

له‌مه‌ودوا حكوومه‌ت پڕۆژه‌کانی به‌ شه‌فافی جێبه‌جێ ده‌كات

ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رنامه‌ و پلانی تۆكمه‌ی بۆ جێبه‌جێكردن و ته‌واوكردنی هه‌زار پڕۆژه‌ به‌ شه‌فافی داناوه‌. به‌پێی گوته‌ی به‌رپرسانی ئاگادار له‌و پرسه‌، له‌پێناو گره‌نتیی سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كاندا، حكوومه‌ت خۆی هاوبه‌ش ده‌بێت تێیاندا و بودجه‌ی دیاریكراویش به‌ زیاتر له‌ ٦٠٠ ملیار دینار داده‌نرێت.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم نه‌خشه‌ی وه‌به‌رهێنانی له‌ هه‌رێم په‌سه‌ند كرد و به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ته‌واوی ئه‌و پڕۆژانه‌دا به‌شدار ده‌بێت كه‌ بڕیار له‌ جێبه‌جێكردنیان ده‌درێت. جگه‌ له‌وه‌ش، وه‌ك جاران پڕۆژه‌ و وه‌به‌رهێنان به‌ دڵی وه‌به‌رهێن نابێت، به‌ڵكو به‌ پڕۆپۆزه‌ڵ و به‌ ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌ت ده‌بێت و ته‌واوی بواره‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، خزمه‌تگوزاری و كشتوكاڵ ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ك وه‌ك جاران هه‌موو روو له‌ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون بكه‌ن.

ساڵی 2019 حكوومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی راگه‌یاند له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان كه‌ به‌ لیستێكی شه‌فاف بڕی بودجه‌ و ناوچه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ئاشكرا كرد، خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌ر شوێنێك زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ست كه‌وت له‌ ناوچه‌یه‌ك چ پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێت و بودجه‌كه‌ی چه‌نده‌. گرنگترینی پڕۆژه‌كانیش رێگه‌وبانی ده‌ره‌وه‌ بوون.

عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هاوئاهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ ٦٠٠ ملیار دینار بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌رخان كراوه‌، سه‌ره‌تا ئه‌و پڕۆژانه‌ی كاریان تێدا كراوه‌ و ٨٥%یان ته‌واو بوون، كۆتایان پێ ده‌هێنرێت، دواتریش پڕۆژه‌كانی تر.

به‌گوته‌ی خۆی، “پڕۆژه‌ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانمان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌پێی توانا و داهاتی هه‌رێمی كوردستان، پاره‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو بكرێن”.

خه‌سره‌و ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد، “پڕۆژه‌كانی ڕێگه‌وبان و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كان و كشتوكاڵ، له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ستراتیجی كاری پڕۆژه‌ و وه‌به‌رهێنانن له‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمدا، چونكه‌ ژێرخانی ئابوورییان له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت.”

كه‌رتی وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی پڕۆژه‌ له‌ كابینه‌كانی ڕابردوودا، قۆرخكاری و گله‌یی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، بۆیه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ی نوێ وه‌به‌رهێنان ده‌كات و پڕۆژه‌كانیش ته‌واو ده‌كات.

شوان كه‌ریم ئه‌ندامی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌ت بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌، له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ر هاوبه‌ش ده‌بێت.

به‌گوته‌ی شوان، “جاران حكوومه‌ت خۆی پڕۆژه‌كه‌ی ده‌دایه‌ ده‌ست وه‌به‌رهێنه‌ر، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوایه‌ باش بوو و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوایه‌، شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ بۆ حكوومه‌ت ده‌بوو”.

گوتیشی”ئێسته‌ حكوومه‌ت ده‌یه‌وێ به‌شێك بێت و له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ گره‌نتیی پڕۆژه‌كه‌ بدرێت، گره‌نتیی ئه‌وه‌ی هه‌بێت پڕۆژه‌كان له‌ خزمه‌ت خه‌ڵك و هاووڵاتییاندا بن، ئه‌مه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی هه‌یه‌ پلان له‌ به‌رده‌ستی وه‌به‌رهێندا نییه‌ و لای حكوومه‌ته‌، ئه‌وه‌ش بازاڕ ده‌بووژێنێته‌وه‌ و ده‌ستی كار و وه‌به‌رهێنه‌ ناوخۆییه‌كان به‌هێز ده‌كه‌ین”.

له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ كه‌ ڕووی له‌ هه‌رێم كردبوو، سه‌دان پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌كیان كه‌وتبوو و وه‌ستان.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، “جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ به‌ پلانێكی ورد و تۆكمه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، پڕۆژه‌كانیش به‌ دڵی وه‌به‌رهێن نین تا هه‌ر له‌ نیشته‌جێبووندا بخولێنه‌وه‌، به‌ڵكو به‌پێی پێویستی كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، كشتوكاڵ و خزمه‌تگوزاری و ڕێگه‌وبان ده‌گرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ژێرخانی ئابووریی هه‌رێم ده‌بووژێنێته‌وه‌.”

وه‌ك هێڤیدار ده‌ڵێ، “پلان و نه‌خشه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێكیان وه‌به‌رهێنه‌ری ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشمان پێویست بن، به‌ڵام ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی هه‌زاران هه‌لی كار، ئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی بێكاری له‌ هه‌رێم كه‌م ده‌كاته‌وه‌.”