وتار

یاسای جەستە: ئیشکردنە و یاسای ڕۆح: خۆشەویستییە

حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

گوناهێکی گەورەیە ئیش نەکەیت و بەسەر ئەوانی دیکەوە لاورگە بیت. ئەوی بژێویی خۆی بە عارەقی نێوچاوانی پەیدا نەکات و خەڵک ناچار بکات بەخێوی بکەن، وەک ئەوە وایە، خواردنی گۆشتی ئینسانی پێ ئاسایی بێت. هەموو کریستیانیزم بریتییە لەوەی ئەو هەموو خەڵکە بە خوشک و برای خۆت بزانیت و خۆت لەوان پێ گەورەتر نەبێت. لێ مەگەڕێ کەس ئیشێکت بۆ بکات کە خۆت دەتوانیت بیکەیت.

ئینسان هەم وەک جەستە دەژی و هەم وەک ڕۆح، جەستە یاسای تایبەت بە خۆی هەیە و ڕۆحیش یاسای خۆی. یاسای جەستە: ئیشکردنە و یاسای ڕۆح: خۆشەویستییە. ئینسان ئەگەر ملکەچی یاسای جەستە نەبوو، گوێڕایەڵی یاسای ڕۆحیش نابێت. ئەگەر خەڵکت خۆش بوێت و بە ئیشەکانت خزمەتیان بکەیت، بەر لەو خەڵکە، ڕۆحی خۆت سوودمەند دەبێت و دەگەشێتەوە. ئینسان ئەگەر ئیش نەکات، نە تەنی دروست دەبێت، نە ئاوەزی باش کار دەکات. ئەگەر دەخوازیت هەمیشە باش بیت، خۆویستانە تا تەواو ماندوو دەبیت، ئیش بکە! کەسانی ڕەشبین و نائومێد و خەمۆک، ئەوانەن تاقەتی ئیشکردنیان نییە. هیچ شتێک هێندەی حەوانەوەی دوای ئیش، خۆش نییە.

ئەوەی پێی دەڵێن: دابەشبوونی کار، بیانوویەکە بۆ ئەوەی کەمینە وەک لاورگە بەسەر زۆرینەوە بژی. کار دابەش ناکرێت، ئەوە خەڵکە دابەش دەکرێن، دەشێت وەک ئاژەڵ مامەڵە لەگەڵ ئینساندا بکرێت، وەک مێشوولە بکوژرێت، وەک ئامێر و وەک کۆیلە سەرنج بدرێت، یان دەشێت ئەو خەڵکە ئازاد و ڕێزلێگیراو بن. یاخیبوونی ئینسان، مەرج نییە هەر زادەی برسییەتی بێت، دەشێت زادەی بریندارکردنی شکۆی بێت.

کە دەوڵەمەند، هەژاران دەچەوسێنێتەوە، پاساوی ئەوەیە، ئایین و هونەریان بۆ دابین دەکات، لەوەدا دەوڵەمەندان ڕاستی دەڵێن، بەڵام ئەو ئایین و هونەرەی بۆ هەژارانی دابین دەکەن، ساختەن. دەوڵەمەند هیچی باش ناکات، بەردەوام خەریکی چەوساندنەوە و فریودانی هەژارە. هەنری جۆرج دەڵێت: (ئینسان بە دوو ڕێگە دەوڵەمەند دەبێت، بە ئیش، یان بە دزی، بەڵام زۆرینە بە دزی دەوڵەمەند دەبن.) بۆچی دەوڵەمەند دزە؟ چونکە خۆی ئیش ناکات، بە ئیشی ئەوانی دی دەژی. دەوڵەمەند جۆری زۆرە، بەڵام زۆرینەیان دزی دەکەن، بەبێ ئەوەی هەست بە ئازاری ویژدان بکەن.

ئەو خەڵکە بەشێکیان کار دەکەن و بەشێکیان نا. بەشێک کە زۆرینەیە، ئیش دەکات و بەری ڕەنجی بۆ ئەو بەشەیە کە ئیش ناکات و کەمینەیە. ئەو بەشەی ئیش ناکات هەست بە وەڕسی دەکات، بۆیە چەندان شتی داهێناوە بۆ ئەوەی پێیانەوە سەرقاڵ ببێت و وەڕسیی خۆی بڕەوێنێتەوە. ئەو بەشەیش کە ئیش دەکات، هەر هەست بە وەڕسی دەکات، چونکە ڕاستییەکەی ئیش بۆ خۆی ناکات، ئیش بۆ خاوەنی کار دەکات. ئەم جۆرە لە دابەشبوونی کار، بۆ هیچ لایەک باش نییە، ئەوانەی ئیش ناکەن، ڕۆحیان بۆگەن دەبێت، ئەوانەیشی ئیش دەکەن، هێزی خۆیان بە فیڕۆ دەدەن، ئاخر بەرهەمی ڕەنجیان بۆ خۆیان نییە.

ئینسان نابێت ئیشی پێ شەرم بێت، ئیدی هەر ئیشێک بکات، کەسێک دەبێت شەرم لە خۆی بکات کە کار ناکات. نابێت کەسمان لەبەر ئەوە خۆش بوێت کە سامانێکی زۆری هەیە، دەبێت لە سونگەی ئەوەوە خۆشمان بوێت کە ئیشێک دەکات، سوودی بۆ خەڵک هەیە. دەوڵەمەند خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکەوە، تا عەیب و عاری نەبینن و دەرک بەوە نەکەن، ئەو سامانەی هەیەتی، زادەی دزینی بەری ڕەنجی ئەوانی دیکەیە. تەلموود دەڵێت: (ئەوە ئەوپەڕی بێشەرمییە بە خەڵک بڵێین: دەبێت وەک مێروولە ئیش بکەن و خۆمان ئیش نەکەین.) هیچ وەهمێک وەک ئەو وەهمە جێی سەرسوڕمان نییە کە دەڵێت: بەختیاری لەوەدایە هیچ ئیشێک نەکەین. نزیکەی هەمیشە، ئەوی هیچ ئیشێکی نییە بیکات، زۆرترین یاریدەدەری هەیە!

تۆماس کارلیل کە نووسەرێکی سکۆتلاندییە دەڵێت: (گومان، خەمۆکی، تووڕەیی و نائومێدی کۆمەڵێک شەیتانن، پەلاماری کەسانێک دەدەن، ژیانیان خاڵی بێت لە ئیش. ئەو شەیتانانە لە کەسێک نزیک نابنەوە سەرقاڵی ئیش بێت. شەیتان هەمیشە داو دەنێتەوە بۆ ئەوەی ئەم و ئەو فریو بدات، بێئیش بە پێی خۆی بۆ لای داوەکە دەچێت و پێوە دەبێت.) سەعدیی شیرازی گوتوویەتی: (ئینسان نانی عارەقی نێوچاوانی خۆی بخوات و هەژار بێت، باشترە لەوەی دەوڵەمەند بێت و کۆیلەی کەسێک بێت. ئینسان دەستی لە قوڕدا بێت، باشترە لەوەی دەست بە سنگییەوە بگرێت،) کە ئاماژەیە بۆ کۆیلایەتی.

ئەگەر ئیش نەکەیت، ئەوە سووکایەتی بە خۆت دەکەیت، یان کەسانی دیکە ناچار دەکەیت، ئیشت بۆ تۆ بکەن. هەژار کە نانێکی دەست دەکەوێت، نیوەی دەدات بە برسییەک، بەڵام قەیسەر کە وەڵاتێک داگیر دەکات، پلان بۆ داگیرکردنی وەڵاتێکی دیکە دادەڕێژێت. دەوڵەمەندێک با دە دوازدە ژووریشی هەبیت، مەحاڵە شەوێک داڵدەی هەژارێک بدات، بەڵام هەژار کە کووخێکی هەیە، بە ڕووی هەموو غەریبێکدا کراوەیە.

جۆن ڕاسکین دەڵێت: (وەک چۆن نابێت جەستە و ڕۆحی ئینسان بفرۆشرێن، نابێت (زەوی)یش بفرۆشرێت، ئاخر بەبێ کۆمەکی زەوی، نە تەن دروست دەبێت، نە ڕۆح.) هەر کەسێک پێویستە هێندە زەویی هەبێت کە بتوانێت پێی بژی، ئەگەر لە پێویستیی خۆی زیاتری هەبوو، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری. تۆماس کارلیل دەڵێت: (زەوی دایکی هەموومانە، خۆراک و نشینگە و خۆشیمان پێ دەبەخشێت، زەوی هەر لەو کاتەوەی لە دایک دەبین، تا بۆ باوەشی دەگەڕێینەوە، بە سۆزەوە ئاوێزانمان دەبێت. زەوی موڵکی کەسێکی دیاریکراو نییە، موڵکی سروشتە و بەوانەی بەخشیوە ئیشی تێدا دەکەن.)

ئێمیل لویس ڤیکتۆر دی لاڤیلا دەڵێت: (لەسەر زەویی ئەو دوورگەیەی لێی دەژین و خۆراک بۆ خۆمان دابین دەکەین، ئەگەر ڕۆژێک زەریاوانێکی کەشتی تێکشکاومان لێ پەیدابوو، ئەویش وەک ئێمە مافی ئەوەی هەیە لەسەر پارچەیەک لە زەویی دوورگەکە، ئیش بکات و خۆراک بۆ خۆی پەیدا بکات.) هەنری جۆرج دەڵێت: (ئەوە تاوانە دەست بەسەر زەویدا بگرین و بە موڵکی خۆمانی بزانین، ئەوەیش هەر تاوانە زەوییەکە لەدوای خۆمان بۆ نەوەکانمان بمێنێتەوە. داگیرکردنی زەوی تاوانێکی بەردەوامە، هەموو ڕۆژێک تاوانێکە.)

لە هەر جێیەک دەوڵەمەند هەبێت، هەژاریش هەیە، لە هەر جێیەک کەسانێک هەبن، زۆر دەوڵەمەند بن، کەسانێکیش هەن زۆر هەژار بن. دەوڵەمەند دزە، دزی لە هەژاران دەکات، مەسیح دۆستی هەژاران بوو، خۆی لە دەوڵەمەندان بەدوور دەگرت و دەیگوت: دزیت لێ بکرێت باشترە لەوەی دزی بکەیت. ئەو دونیایەی مەسیح خەوی پێوە دەبینی، نە دەوڵەمەندی تێدابوو، نە هەژار، هەمووان یەکسان بوون. هەنری جۆرج دەیگوت: لە هەر جێیەک میلیۆنێر هەبێت، خەڵکێکش هەن بێ ماڵ و حاڵن. ئەوە فرمێسکی هەژارانە، باخی خۆشییەکانی دەوڵەمەند ئاو دەدات. تۆماس مۆر دەیگوت: (کە دەوڵەمەند باسی بەرژەوەندیی خەڵکی کرد، ئەوە نیازی پیلانگێڕانی هەیە، نیازی ئەوەی هەیە بە پاساوی بەرژەوەندیی خەڵکەوە، پەرە بە بەرژەوندییەکانی خۆی بدات.) لاو تسۆ دەیگوت: (نە هیچ دەستپاکێک دەوڵەمەندە، نە هیچ دەوڵەمەندێک دەستپاکە.) دزیکردن لە دەوڵەمەند، سزایەکی قورسی هەیە، بەڵام دزیکردن لە هەژار، هیچ مەترسییەکی تێدا نییە.

نابێت خەون بە دەوڵەمەندبوونەوە ببینین، بەڵکوو دەبێت دەوڵەمەندبوون بە شەرم بزانین، ئاخر هەموو دەوڵەمەندێک دزە. نابێت دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندبوونەوە بکات، بەڵکوو دەبێت هەست بە شەرمەزاری بکات. دز دوو جۆرە، جۆرێکیان شتومەکی سادە دەدزن، یان بە زۆر شتومەک لەم و لەو دەستێنن، ئەم جۆرە خۆیان ددانی پێدا دەنێن کە دزن و زوو زوو دەگیرێن و سزا دەدرێن. جۆری دووەم: ئەوانەن کە خۆیان بە دز نازانن، نەک هەر سزا نادرێن، بەڵکوو دەسەڵات ڕێیان بۆ خۆش دەکات، دزی لە هەژاران بکەن و بەری ڕەنجی کرێکاران و جووتیاران بخۆن.

وەک چۆن کە دزێک گیرفانت دەبڕێت، دەزانێت دزیت لێ دەکات، کە دەوڵەمەندێکیش لە کێڵگەیەکدا یان لە کارگەیەکدا، لەبەر قرچەی هەتاو، یان لە شوێنێکی ساردوسڕدا، ڕۆژانە دە دوازدە سەعات ئیشت پێ دەکات و تەنیا ئەوەندەت دەداتێ کە بە هەزار حاڵ پێی بژیت، سوور دەزانێت ئەوەی دەتداتێ، نیوەی هەقی خۆت نییە و دزیت لێ دەکات. دەوڵەمەندبوون زادەی کەڵەکەبوونی کارە، کەسێک کار دەکات و کەسێکی دیکە دەوڵەمەند دەبێت.

دەوڵەمەند دەبینێت ڕەنجدەران هەرچەندە زۆر ماندوو دەبن، بەڵام بە کولەمەرگی دەژین، دەوڵەمەند دڕندەیە، ئەگەرنا خراپ سوودی لە ژیانی هەژاران نەدەبینی. دەوڵەمەند دەزانێت ئەو سامانەی هەیەتی، بەرهەمی ڕەنجی ئەوانەیە کە ئیشێکی تاقەتپڕووکێن دەکەن، بەڵام خۆی لە گێلی دەدات و دەڵێت: دەوڵەمەند و هەژار هەر هەبووە و ئەوە یاسایەکە ڕەنگدانەوەی ویستی خوایە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئینسانە. ئەو سەردەمانەی کۆیلایەتی باو بوو، خاوەنکۆیلە دەیگوت: خوا ئینسانی بەسەر سەردار و کۆیلەدا دابەش کردووە، دەبێت هەر کەسە و بە بەشی خۆی قایل بێت، لەو دونیای دی، کۆیلە ژیانێکی باشی دەبێت. ئینسانی چاک کەسێک نییە، سامانێکی زۆری هەبێت، کەسێکە لە ناخیدا خۆشەویستییەکی زۆر هەبێت. خۆشەویستی لەگەڵ دەوڵەمەندبووندا ناکۆکە، ئینسانێک ناخی تژی بێت لە خۆشەویستی، ناتوانێت و ناخوازێت دەوڵەمەند ببێت.

حیکمەتێکی هیندی هەیە، دەڵێت: (سامانێک جێی بایەخت بێت کە کەس ناتوانێت لێتی بسێنێت، سامانێک لەدوای مردنیشت هەر دەمێنێتەوە و هەرگیز کڵپەی خامۆش نابێت، کە ڕۆحتە.) شۆپنهاوەر دەبێژێت: (ئینسان هەر خەریکی کۆکردنەوەی سامانە، هیج بایەخ بە پەیداکردنی عەقڵ نادات، هەرچەندە ئەوەی لە ناخی ئینساندایە، زۆر گرنگترە لەو سامانەی کە هەیەتی.) ئینسان بۆچی حەز دەکات دەوڵەمەند بێت: چونکە ڕۆحی هەژارە، ئەوی ژیانێکی ڕۆحیی دەوڵەمەندی هەبێت، سامان جێی بایەخی نابێت. (وەک چۆن پۆشاکی قورس بەربەستە لەبەردەم جووڵەی جەستەدا، سامانیش لێ ناگەڕیت، خونچەی ڕۆح بگەشێتەوە.) یۆحەننای دەمزێڕێن دەڵێت: (کە عیسا گوتوویەتی: دوام بکەوە، مەبەستی ئەوە بووە، ئەگەر منت خۆش دەوێت، چیت لێ داوا دەکەم، ئەوە بکە. ئەگەر خۆت بە شوێنکەوتووی عیسا دەزانیت، دەبێت بە کردەوە پیشانی بدەیت کە ئەوت خۆش دەوێت نەک بە قسە، دەبێت چی سامان شک دەبەیت، بە سەر هەژاراندا دابەشی بکەیت.)


*
(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.